سۆمۆ: داوامان لە کۆمپانیا جیهانییەکان کردووە نەوتی هەرێمی کوردستان نەکڕن

بەڕێوەبەری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق ناسراو بە سۆمۆ رایگەیاند، داوایان لە کۆمپانیا جیهانییەکان کردووە نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان نەکڕن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناچارە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات.

عەلا یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، شەوی رابردوو 20/9/2022، بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی عێراقی راگەیاند: بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی هەموو ئەو گرێبەستانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان واژووی کردوون بۆ دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت “پووچەڵن”.

عەلا یاسری گوتی: “وەزارەتی نەوت رێکاری گرتووەتەبەر بۆ گواستنەوەی ئەم دۆسیەیە بەتەواوەتی [دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان] بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی لا پەسەند نەبوو، بۆیە وەزارەتی نەوت رێکاری یاسایی گرتەبەر”.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستانیش “ناچارە” بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات. دەشڵێت: “کۆمپانیای سۆمۆ داوای لە هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان کردووە نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان نەکڕن”.

بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 420 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کرد، بەڵام ئەمساڵ بڕی هەناردەی رۆژانەی دابەزیوە بۆ 355 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: “حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی خاو بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشێت بەراورد بە نرخی فرۆشتنی نەوت لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، جیاوازیی نێوان هەردوو نرخەکە 16 بۆ 20 دۆلار دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک”.

دادگەی فیدراڵیی عێراق لە 15-2-2022 بڕیاری دا کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە. دادگەکە هەروەها بڕیاری دا کە دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕای نەوتی بەرهەمهێندراوی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات.

دادگەکە هاوکات مافی دایە وەزارەتی نەوتی عێراق لە یاسایی، راستی و دروستی گرێبەستە نەوتییەکان و گرێبەستە گازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکان بکۆڵێتەوە.

لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە سیاسی ناودەبات و بە تێکڕا رەتیدەکاتەوە.

پەیوەندیدار