لە ئورمیە خۆپیشاندەرێکی تەمەن ٢٣ ساڵ کوژرا

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەردەوامە، لە ئورمیەش خۆپیشاندەرێک کوژرا و پارێزگاری سنەش کوژرانی سێ خۆپیشاندەری پشتڕاستکردەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی شاری سەقز، لە شاری ئیلام ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بڵاوەیان پێکردن.

ھەروەھا لە شاری نەغەدە خۆپیشاندانی مەدەنی خەڵک بەھۆی ھێزە ئەمنییەکانەوە توندوتیژی لێکەوتەوە و گازی فرمێسکڕێژیان بڵاوکردەوە.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵ لە گوندێکی سەر بە شاری ئورمیە ئەمشەو بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا، پێشتریش ئەو رێکخراوە رایگەیاندبوو لانیکەم ٤ کەس لە خۆپیشاندانەکان کوژراون و زیاتر لە ٢٢١ کەس برینداربوون و سەروو ٢٥٠ کەسیش دەستبەسەرکراون.

ھاوکات سێ رۆژە لە سنە خۆپیشاندان بەردەوامی ھەیە و پارێزگاری سنەش، کوژرانی سێ خۆپیشاندەری پشتڕاستکردەوە.

پەیوەندیدار