خۆپیشاندان لە ئێران درێژەی هەیە، ژمارەی قوربانیان بەرز دەبێتەوە

لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان بەردەوامە، بەپێی ئاماری رێکخراوێكیش ژمارەی كوژراوان بۆ 10 كەس بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە خۆپێشاندانەکان بڵاودەکرێتەوە، هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن و لە هەندێک لە شارەکان باڵەخانەی قایمقامیەت و بنکەکانی پۆلیس و دامودەزگاکانی حکومەت کەوتوونەتە دەست خۆپێشاندەران و بەشێک لە ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاماری کوژراو و بریندارانی خۆپێشاندانەکانی تاوەکو ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت 10 خۆپيشاندەر گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان كەسیش بریندار بوون و دەستبەسەرکراون.


ناوی ئەو هاونیشتیمانیانەی كە گیانیانلەدەستداوە:


1- موحسین محەممەدی – دیواندەرە
2- فوئاد قەدیمی – دیواندەرە
3 – فەرەیدون مەحموودی – سەقز
4- زەکەریا خەیاڵ – پیرانشار
5- فەرجام دەروێشی- ورمێ
6- دانیش راهنما – ورمێ
7- رەزا لوتفی – دێولان
8- سەدرەدین لێتان – شنۆ
9- ئەمین مەعڕووفی – شنۆ
10- مینوو مەجیدی- کرماشان.


بەپێی زانیارییەكان، دوای هەڵكشانی نارەزایەتییەكانی هاووڵاتیان، حكومەتی ئێران تۆڕەكانی پەیوەندی ڕاگرتووە.


رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی “رەچاونەکردنی باڵاپۆشی”، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی “جەڵتەی دڵ” گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە شارە گەورەکانی ئێرانیشی گرتەوە.

پەیوەندیدار