دادگەی ئەنقەرە، دۆسیەی کوشتنی نووسەر و رۆشنبیری نێوداری کورد موسا عەنتەر، بە پاساوی تێپەڕبوونی وادە یاساییەکەی، داخست.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئەیلوولی 2022، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دانیشتنی 12مین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە لەبارەی دۆسیەی سەرەکیی دەزگای هەواڵگریی فەرماندەیی جەندرمە (ژیتەم) کە تایبەتە بە تیرۆرکردنی موسا عەنتەر نووسەر و رۆشنبیری نێوداری کورد، بەڕێوەچوو.
دەستەی دادوەران لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بەهۆی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دۆسیەکە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و داخستنی دۆسیەکەیان دا. بەپێی یاساکانی تورکیا هەر دۆسیەیەکی دادگە 30 ساڵی بەسەردا تێپەڕێت دادەخرێت.
رۆژی 15ی ئەیلوولی 2022، دیجلە عەنتەر، کوڕی موسا عەنتەر راگەیاند: “کوشتنی موسا عەنتەر سیاسەتێکی دەوڵەت بوو. لەو راپۆرتەدا کە لەلایەن کوتلو ساواش ئامادە کراوە، روونە کە دەوڵەت ئەمەی کردووە. ئەگەر لەم دۆسیەیەدا بکوژەکە ئاشکرا ببێت، ئەگەر ئەنجامێک ئاشکرا ببێت، ئەوسا ئەم دۆسیەیە کۆتایی دێت.”
ئەو کوڕەی موسا عەنتەر گوتیشی: “موسا عەنتەر بۆچی کوژرا؟ چونکە ناهەقیی قبووڵ نەدەکرد، نەژادپەرستیی قبووڵ نەدەکرد، دۆزی کوردی بەرەوپێش برد و نەیدەویست کورد ئازار بچێژێت.”
موسا عەنتەر رۆژی 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکرا، ماوەی 30 ساڵ بوو ئەو دۆسیەیە لە دادگە بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام تۆمەتباران نەدرانە دادگە و سزا نەدران، تاوەکو دواجار ماوەی یاسایی دۆسیەکە کۆتاییهات و داخرا.
هۆکاری بێ ئەنجامبوونی دۆسیەکە ئەوە بوو، کە گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیرا. ئایگان کە لە دۆسیەی کوژرانی موسا عەنتەردا دادگایی دەکرا ماوەی چەند ساڵێکە لە سوێد نیشتەجێیە.
فیلیز کەرەسەتەجیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئەنقەرە، رۆژی چوارشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2021 لە نووسراوێکدا، کە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیای کرد، داوایکرد عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی ئەوکاتەی تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە و روونی بکاتەوە کە بۆچی لە 2018 بە شێوەیەکی نووسراو، گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیرا.
عەبدولقادر ئایگان لە ساڵانی 1975 – 1985دا ئەندامی پەکەکە بوو. دوای جیابوونەوەی لە پەکەکە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بووە ئەندامی رێکخراوی “هێزەکانی جەندرمە و هەواڵگریی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” ناسراو بە ژیتەم، کە رێکخراوێکی نهێنیی دەوڵەت بوو، بەڵام دواتر وەکو شایەتحاڵ لەبارەی تاوانە بکەرنادیارەکان کە لە هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە باکووری کوردستاندا لەلایەن ژیتەم کران، کۆمەڵێك زانیاریی ئاشکرا کرد.
موسا عەنتەر ناسراو بە ئاپێ موسا، لە ساڵی 1920 لە گوندی “زڤنگێ” سەر بە شارۆچکەی “نوسێبین” لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکرا.