بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردو 100 خوێندکاری خوێندنگەیەک توشی سکچون و ڕشانەوە بون و سەردانی نەخۆشخانەی د.جمال احمد ڕشید تایبەت بەمنداڵانیان کردوە، لەسەر ئەو دۆسیەیەش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لە (24) کاتژمێری ڕابردو لەخوێندنگایەك لە ناوشاری سلێمانی نزیکەی (100) خوێندکار بەحاڵەتی سکچون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی د.جمال احمد ڕشید تایبەت بەمنداڵانیان کردوە.
ئەوەش هاتوە، بۆیە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ ئەو حاڵە، ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لیژنەیەکی تایبەت لە (چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) ڕاسپارد ڕاستەوخۆ بەدواداچون بکرێت لەدۆزینەوەی حاڵەتەکان و نمونەی خۆراك و ئاو بۆپشکنینی تاقیگەی وەربگیرێت.
روونیشیکردەوە، “پێشتر و بەر لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن داوای پاککردنەوەی تەنکییەکانی قوتابخانەکانمان کردووە و داواشمان کردووە، لە کافتریاکانیشیاندا خواردنی شیاویان بۆ دابنێن.”
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا لیژنەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بزانن سەرچاوەکەی چی بووە.