سەدر بە مەرج رازی دەبێت سودانی بكرێتە سەرۆك وەزیران

هەرچەندە پێشتر ڕەوتی سەدر بەهەموو شێوازێك دژی كاندیدكردنی (موحەمەد شیاع سودانی) بوو بۆ سەرۆك وەزیران، بەڵام لە دوای چلەی ماتەمینیەوە چەندین پێشنیاری جیاواز خراونەتە بەردەم سەدر بۆ ئەوەی حكومەت پێكبهێرێت، لە كۆتایدا ڕەزامەندی مەرجداری دەربڕیوە بەرامبەر كاندیدی سەرۆك وەزیران.

(ڕەسوڵ ئەبو حەسەنە) سەركردەی دەوڵەتی یاسا بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، موقتەدا سەدر ڕەزامەندی مەرجداری دەربڕیوە بۆ (موحەمەد شیاع سودانی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، سەدر ناڕەزایی نیە بەرامبەر بە كاندید كردنی سودانی، بەمەرجێك حكومەتەكەی دوای یەك ساڵ كۆتایی پێ بێت، هەروەها سەدر پێشنیاری كردوە لەو ماوەیەدا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، بەبێ گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسۆن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا ئەو مەرجە پێشنیار كراوە لە لایەن ڕەوتی سەدرەوە.

هەروەها شارەزایان پێیان وایە، هەموو ڕێكەوتنێكی سیاسی نێوان لایەنەكان بەبێ‌ سەدر بێ‌ سود دەبێت، چونكە سەدر بەیەك بەیاننامە دەتوانێت شەقام بجوڵێنێت ئەمەش كارەساتی گەورەی لێ دەكەوێتەوە، هەروەها خاوەن گەورەترین كورسی و ڕەوتە لەپەرلەمان.

دوای زیاتر لە (11) مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، تائێستا لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

پەیوەندیدار