قائیمقامییەتی سلێمانی چەند ماددەیەكی كیمیایی بۆ بەرھەمی كشتوكاڵی قەدەغە دەكات

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەریی لە قائیمقامییەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: چاودێری ئەو ماددانە دەكەن كە خاوەنی خانووە پلاستیكییەكان بۆ زیادكردنی بەرھەمی كشتوكاڵی بەكاریدەھێنن، چونكە ھەندێك لەو ماددانە قەدەغەیە و نابێت بە ھیچ شێوەیەك بەكاربھێنرێت.

نەبەرد قابیل، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەریی لە قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاویكردەوە: چاودێری ھەموو ئەو خۆراكە كیمیایی و ماددە قڕكەرانە دەكەن كە لە نوسینگە كشتوكاڵییەكانەوە دەدرێن بە جوتیاران و لە خانووە پلاستیكییەكاندا بۆ باشكردن و زیادكردنی بەرھەم بەكاردەھێنرێن، چونكە ھەندێك لەو ماددە قڕكەرانە بە تەواوی قەدەغەیە و لە ھەر شوێنێك ببینرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.

وتیشی: بۆ دڵنیابوونەوە لە دەرمانەكان و بەرھەمی جوتیاران، بەردەوام چاودێری كارگەكانی بەرھەمھێنانی ماددە كیمییایی و كشتوكاڵییەكان و ھەموو خانووە پلاستیكییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەكەن. سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ داواشی لە ھاووڵاتیان كرد لە ھەر نوسینگەیەك یان خانووی پلاستیكییەك تێبینییان لەسەر ھەر دەرمانێك ھەبوو، قائیمقامییەتی سلێمانی لێ ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ رێكاری پێویست بگرنەبەر.

پەیوەندیدار