بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژانی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لانیکەم 17 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و 435 کەسی دیکەش بریندار بوون. میدیای فەرمیی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، 41 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی یەکشەممە 25-09-2022 بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگای سنە چوار کەس، کرماشان پێنج کەس، ورمێ حەوت کەس و لە ئیلام کەسێک کوژراون؛ چوار کەس لە کوژراوەکان منداڵ بوون و تەرمی چوار کەسیش بە خێزانەکانیان نەدراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا 435 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون؛ دەیان برینداریش لە ترسی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان نەیانگرن، نەچوونەتە نەخۆشخانە؛ لانیکەم 570 کەسیش دەستگیر کراون.
هاوکات میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە خۆپێشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوودا 41 کەس کوژراون.
هاوکات شەوی رابردوو، ناڕەزایەتی لە هەندێک لە شارەکانی وەکو سنە، تاران، تەورێز، شیراز و کەرەج بەردەوام بوو. بەهۆی سنوورداربوونی ئینتەرنێتەوە روون نییە لە چەند شاردا خۆپێشاندان هەبووە.
ناڕەزایەتییەکان دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیانپێکرد؛ دواتر ژمارەیەکی زۆری شارەکانی ئێرانیشی گرتەوە.