وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، “رێکار بەرامبەر ئەو دیپلۆماتەی عێراق دەگرینەبەر کە لە کۆبوونەوەی ئەم خوولەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەی بڵاوبووەتەوە و سەرقاڵی شتێکی دیکەیە و ئەرکی خۆی راناپەڕێنێت.”
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی شەممە 24-09-2022 لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکەوە رایگەیاند، “وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو وێنە دەکات کە بڵاوبووەتەوە و دیپلۆماتێکی عێراقی پیشاندەدات کە لە کۆبوونەوەی ئەم خوولەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرقاڵی شتێکی دیکەیە و ئەرکی خۆی راناپەڕێنێت.”
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، “وەزارەتی دەرەوە دڵنیایی دەدات کە رێکاری گونجاو دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆی دیپلۆماتانی عێراق.”
پێش ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئەندامێکی شاندی عێراق لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بڵاوبووەوە، تێیدا ئەندامی شاندە عێراقییەکە سەرقاڵی تەماشاکردنی یارییەکی تۆپی پێیە لەڕێگەی لاپتۆپێکەوە.
مانگی رابردووش وێنەکانی هاوژینی حەیدەر عەزاری، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لەگەڵ راغب عەلامە، گۆرانیبێژی لوبنانی هەرایان نایەوە، بە راددەیەک کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق حەیدەر عەزاری بۆ بەغدا بانگهێشتکرد.