ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی نزیک بەندەری تەرتووس بۆ 94 کەس بەرزبووەوە

17 تەرمی دیکەی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی نزیک بەندەری تەرتووسی سووریا دۆزرانەوە و بەوەش ژمارەی کۆچبەرە خنکاوەکان بۆ 94 کەس بەرزبووەوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە 24ی ئەیلوولی 2022 میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، “ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی نزیک بەندەری تەرتووس بۆ 94 کەس بەرزبووەتەوە” و گوتیشی، 20 کەس رزگارکراون کە 14 کەسیان لە نەخۆشخانەی باسلی شاری تەرتووس چارەسەر وەردەگرن، دوو لەوانەش لەژێر چاودێریی چڕدان.

هاوکات سوپای لوبنان بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەکی لوبنانییان دەستگیرکردووە کە دانی بەوەدا ناوە هەوڵێکی “بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی لە لوبنانەوە بۆ ئیتاڵیا لەڕێگەی دەریاوە” رێکخستبوو.

مەزەندە دەکرێت نزیکەی 150 کەس لەو بەلەمەدا بووبن کە رۆژی پێنجشەممە لەنزیک بەندەری تەرتووسی سووریا ژێرئاوکەوت. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ئەوانەی لەنێو بەلەمەکەدا بوون، هاووڵاتییانی سووریا و لوبنان و فەلەستین بوون. ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەرمی 10 منداڵ دۆزراونەتەوە.

بەندەری تەرتووس بە دووریی 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەندەری تەرابلووسی باکووری لوبنان. بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی سووریا، بەلەمەکەی کۆچبەران لە شارۆچکەی مینییەی باکووری تەرابلووس بەڕێکەوتبوو.

ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ساڵی رابردوو 1570 کەس لە لوبنانەوە و بە بەلەمی بچووک چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، کە 186 لەوانە لوبنانی بوون. زۆربەی بەلەمەکان کە لە لوبنانەوە دەڕۆن، بەرەو قوبرس دەچن کە 175 کیلۆمەتر لە بەندەرەکانی لوبنانەوە دوورە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی لە لوبنانەوە دەچنە دەرەوە، پەناخوازی سوورین کە لە لوبنان نیشتەجێ کراون، بەڵام لەگەڵ خراپبوونی ئابووریی لوبنانیش، بەشێکی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە هەوڵی پەڕینەوە بە دەریادا دەدەن.

پەیوەندیدار