دەربڕینی ناڕەزایی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان نۆیەم رۆژە لەسەر یەك بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، ٥٧ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٧ یان کوردن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ئەوەی خستەڕوو، لەسەرەتای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تائێستا، ٥٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی ھەنگاویش بۆ مافی مرۆڤ، ناسنامەی ١٧ خۆپیشاندەری کوردی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا کوژراون، لەو ژمارەیەش یەکێکیان ژنە و سیانیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.
ھاوکات “جۆزێب بۆریل” لێپرسراوی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بەکارھێنانی ھێز دژی خۆپیشاندەرانی ئێران رەتدەکەنەوە و ھیچ پاساوێکی نییە. ئیدانەی بڕیارەکەی لێپرسراوانی ئێرانیشی کرد سەبارەت بە دانانی کۆت و بەند لەسەر ھێڵەکانی ئینتەرنێت کە پێشێلکارییەکی روونە بۆ ئازادی رادەربڕین.
ھاوکات “ئەنالینا بیربوک” وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە نیویۆرکەوە رایگەیاند، ئەڵمانیا دەیەوێت دۆسیەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بخاتە بەردەم ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە ئەگەر ژنان پارێزراو نەبن ھیچ کەسێک لە کۆمەڵگەدا پارێزراو نابێت.