ئیحسان عەبدولجەبار: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دادپەروەرانە بوو

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستووری بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دادپەروەرانە بوو و دەشڵێت، بەهەدەردان لە دۆسیەی نەوتی هەرێمدا هەیە.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقییە رایگەیاند، تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی هەر بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەی بای حەسەنی کەرکوک کە لە ژێردەسەڵاتی عێراقدایە، پێنج دۆلار و نیوە، بەڵام لە بیرەنەوتەکانی ژێردەسەڵاتی هەرێم 40 دۆلارە، کە ئەو مایەی قبوڵ نییە.

باسی لەوەشکرد، پرۆسەی نەوتی هەرێم بە سیاسیکراوە و پێشتر داوایان لە بەرپرسانی هەرێم کردووە گرێبەستە نەوتییەکانیان بۆ بنێرن تا هاوکاریان بن لە چارەسەرکردنی بەڵام بەرپرسانی هەرێم ڕەتیانکردەوە.

وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت، وەکو لایەنی یاسایی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی پێخۆشبووە بۆ جێبەجێکردنی یاسا، بەڵام لەلایەنی بازرگانییەوە ئاسودە نەبووە بە بڕیارەکە چونکە لە رووی بازرگانییەوە زیان بە کەرتی نەوتی هەرێم دەگەیەنێت.

ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەو سکاڵایەی لەدادگای پاریس دژی تورکیا تۆماریانکردووە لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ببەنەوە، ئەوا تورکیا ناچاردەبێت 30 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بدات بە عێراق.

لە 17ی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئاگادارینامەیەکی لەبارەی بڕیاری نادەستوربوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، ئەمە لەکاتێکدایە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە 15ی شوباتی 2022 لە بارەی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاریدا کە نادەستورییە و پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندی رێککەوتنەکان بێت و داهاتەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات. هاوکات، دواشی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی کرد چاودێری سەرجەم گرێبەست و وردەکارییەکانی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم بن.

پەیوەندیدار