سوپای پاسداران لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

قەرارگای حەمزەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان.

قەرارگای حەمزە کە بنکەکەی لە شاری ورمێیە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو هێرشەدا سوودی لە مووشەکی جۆری 360ی هێزی وشکانی سوپای پاسداران و فڕۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبڕێژکراو وەرگرتووە.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئێران بۆردوومانی چەند بنکە و بارەگایەکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە کرد

سوپای پاسداران ئەو تۆمەتە دەداتە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەوڵیانداوە “ئاژاوەگێڕی” دروستبکەن و هەربۆیە ئەوانیش وەک سوپای پاسداران دەستیان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

سوپای پاسداران ئاشکراشیکردووە، تاوەکو هەنگاوی کاریگەریی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەبینین ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە پەیامێک ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: “تاوەکو نەهێشتنی هەڕەشەی ئەم هێزانە و هەنگاوی کاریگەریی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەبینین بۆ جێبەجێکردنی پابەندی و بەرپرسیارێتی خۆیان ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت.”

پەیوەندیدار