ئەمریکا: ئێران ناتوانێت بە هێرشکردنە سەر دەرەوەی سنوورەکانی، خۆی لە کێشە و ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی بدزێتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا “بەتووندی” سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: “ئێران ناتوانێت بە هێرشکردنە سەر دەرەوەی سنوورەکانی، خۆی لە کێشە و ناڕەزایەتییە رەواکانی نێوخۆی وڵاتەکەی بدزێتەوە”.

لە راگەیێندراوێکدا، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند: “ئەمریکا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی دەکات کە کرانە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق.”

هاوکات پشتیوانی خۆیشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندەدات و دەڵێت: “ئێمە شان بە شانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە دەوەستین وەکو هێرشێک بۆ سەر سەروەریی عێراق و خەڵکەکەی.”

جەیک سولیڤان باس لەوە دەکات: “بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە نیشاندانی بێڕێزیێکی زەق، نەک تەنیا بۆ ژیانی خەڵکی خۆیان، بەڵکو بۆ دراوسێکانیان و بنەما سەرەکییەکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک کە لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپێنراون.”

پێش ئەم راگەیێندراوەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش سەرکۆنەی خۆی بۆ هێرشەکانی ئێران و پشتیوانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

هەروەها وەزارەتەکانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئوردن هەڵوێستی هاوشێوەیان پێشاندا.

لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەی ئێراندا، کە بە گوتەی سوپای پاسداران لە رێگەی 73 مووشەک و “دەیان درۆنەوە” کرانە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوا، لانیکەم 12 کەس کوژران و 47ی دیکەش برینداربوون.

سوپای پاسداران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە خۆپێشاندانەکانی دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 80 شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتەوە، هانی “تووندوتیژی”یان داوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دووپاتیشی دەکاتەوە کە “بەکارهێنانی مووشەک و درۆن دژی دراوسێکانی، هەروەها دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا بۆ جەنگە دووژمنکارییەکەی دژی ئۆکراینا و بۆ هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێویستە لەسەر ئاستی جیهان سەرکۆنە بکرێت.”

جەیک سولیڤان بەڵێن دەدات کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت “لە سەپاندنی سزا و بەکارهێنانی ئامرازەکانی دیکە بۆ رێگەگرتن لە چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.”

پەیوەندیدار