خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

شەوی رابردوو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە هەندێ لە شارەکانی ئێراندا بەردەوام بوو. لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ 12ـیەم شەوی لەسەر یەک خۆپێشاندان کرا.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی تەورێز، ئیسفەهان، کەرەج، یەزد، تاران، مەشهەد و ورمێدا کرا. هێزە ئەمنییەکان لە شاری نەجەف ئاباد لە پارێزگای ئیسفەهان بە گرتنی خۆپێشاندەران و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ هەوڵیاندا رێگری لە ناڕەزایەتیی خەڵک بکەن.

لە شاری سنە ژمارەیەک زۆر خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان، کچان لەچکەکانیان لابرد و درووشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”یان دەگوتەوە.

دوێنێش خوێندکارانی ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئێران، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک خوێندکار و هەروەها پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکان، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.

ناڕەزایەتییەکان لە رۆژی 16-09-2022 لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیان پێکرد، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی، تەمەن 22 ساڵ گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لانیکەم 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش بریندار بوون و گیراون.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لانیکەم 76 خۆپێشاندەر لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە. لە نێویاندا 6 ژن و 4 منداڵ هەن.

پەیوەندیدار