کونسوڵخانەی ئەمریکا رێنمایی تایبەت بە خۆپاراستنی لە بۆردومانەکانی ئێران بڵاوکردەوە و دەشڵێت، “حکومەتی ئەمریکا گرەنتی کۆتایی هاتنی هێرشەکانی ئێران ناکات.”
بەشی راگەیاندنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بەردەوامە لە وەرگرتنی هەواڵ و راپۆرتی میدیایی سەبارەت بە هێرشی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێم و دەشڵێت، “حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت گرەنتی کۆتایهاتنی هێرشەکانی ئێران بدات.”
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند رێنماییەکی تایبەت بە خۆپاراستن لە هێرشەکان خستووەتەڕوو و تیایدا هاتووە، “هاوڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن لە ناوچە بە ئامانجکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە کە لە ماوەی رابردووشدا بۆردومانیکردوون وەک ناوچەی پردێی نزیک پارێزگای کەرکوک و قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر و گوندی زڕگوێز سەر بە پارێزگای سلێمانی و قەزای رانیە لە رۆژهەڵاتی سلێمانی.”داواشدەکات، “دوور بکەونەوە لە ناوچە سنوورییە کێشە لەسەرەکان.”
باس لەوەشکراوە، بەردەوام چاودێری میدیا ناوخۆییەکانی هەرێم و عێراق بکەن بۆ گەیشتن بە نوێترین زانیاری.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە ئێران بە درۆن چەندین جار هێرشیکردە سەر ناوچەکانی زڕگوێز و کۆیە و پردێ و سیدەکان و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی دواین زانیاری وەزارەتی تەندروستی 16 کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.