بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی ئەمپێرێك موەلیدە لە سلێمانی لەنێوان (12.500 بۆ 13.500) دەبێت، هاوكات بەپێی خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدەش گۆڕانكاری تێداكرا.
لە راگەیەندراوەكەی كارەبای سلێمانیدا هاتووە، ئەمڕۆ یەكشەممە 2/10/2022 لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان كۆبوەوە، بەگوێرەی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موەلیدە بە(64) دینار بۆ مانگی ئەیلول دیاریكرا، كە بەتێكڕایی موەلیدە ئەهلییەكان لەنێوان (190) بۆ (210) كاتژمێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كارەبا لەنێوان (12.500) هەزار بۆ (13.500) هەزار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاوازە بەو پێیەی بەپێی ئەو پێوەرە هەژماردەكرێت كە بۆ موەلیدەكان دانراوەو كاتژمێری كاركردنیان تۆماردەكات.
سەبارەت بە بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ ئەم مانگە (تشرینی یەكەم)، لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، موەلیدە لەكاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بۆ 1ی شەو كاردەكەن، لەگەڵ بەیانیان لەكاتژمێر 6:30 بۆ 8ی بەیانی ئەگەر كارەبای نشتیمانی كوژایەوە، موەلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.
لەكۆبوونەوەكەشدا ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.