رۆژهەڵاتی کوردستان: فەرماندەی پۆلیسی مەریوان کوژرا

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێینایە رۆژی 16هەمین و تائێستاش لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، لە ئەنجامی بەردەوامی گرژییەکانیش شەوی رابردو فەرماندەی پۆلیسی مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا.
ماڵپەڕی فارس ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویکردەوە، بەهۆی شەڕ و روبەڕوبونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران، شەوی رابردو لیوا داود عەبدوڵاهی، فەرماندەی پۆلیسی مەریوان بە سەختی برینداربوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەش، ناوبراو گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی دو هەفتەی رابردودا زیاتر لە 133 کەس بەهۆی گرژییەکان گیانیانلەدەستداوە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش ئاماژە بە دەستگیرکردنی 1200 هاوڵاتی و خۆپیشاندەر دەکەن.

رۆژی 13ی ئەیلوول، ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقز بە پاساوی پابەندنەبوونی بە رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر باری تەندروستیی تێکچوو و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە 16ی ئەیلوول گیانی لەدەستدا لەوکاتەوە ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە.

پەیوەندیدار