وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تیکڕای نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، ٩٨ ملیۆن و ٧٦٥ ھەزار و ١٥٣ بەرمیل بووە کە کۆی گشتیی داھاتەکەی گەیشتووەتە، ھەشت ملیار و ٧٧٣ ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٦ ملیۆن و ٤٤٥ ھەزار و ٤٢١ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ١٦٩ ھەزار و ١٨٠ بەرمیل.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و ٢٩٢ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٨٨ دۆلار و ٨٣ سەنت فرۆشراوە.
ئاماری ھەناردە و داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا بەراورد بە مانگی ئابی رابردوودا، کەمی کردووە.
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو کە لە مانگی ئابی رابردوودا، ١٠١ ملیۆن و ٨٥٩ ھەزار و ٥٢٨ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە کۆی گشتیی داھاتەکەشی، گەیشتووەتە نۆ ملیار و ٦٨٨ ملیۆن و ٩٠٣ دۆلار.




