بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە بۆ سەرووی 20 کەس بەرزبووەتەوە و هاوکات ناڕەزایەتییەکان لە چەند شارێکی گەورەی ئێراندا بەردەوام بووە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا کە رۆژی 03-10-2022 بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکانی سێ هەفتەی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستانی 23 کەس راگەیاندووە. بەڵام بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی کوردستان، 21 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە نیکا شاکەرەمی، خەڵکی خوڕماوە لە پارێزگای لوڕستان، لەو راپۆرتانەدا ئەژمار نەکراوە. نیکا شاکەرەمی رۆژی 20-09-2022 لە خۆپێشاندانەکانی شاری تاراندا بەشدار بوو، دواتر بێسەروشوێن بوو؛ دوای 11 رۆژ تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەزار و 138 خۆپێشاندەریش برینداربوون و زیاتر لە 2 هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون.
شەوی رابردوو خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی تاران، کەرەج، شیراز و ئیسفەهان بەردەوام بوون و خەڵک درووشمیان دژی رێبەری ئێران گوتەوە.
ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دوای گیانلەدەستدانی ژیان ئەمینی دەستیانپێکرد. ژینا ئەمینی رۆژی 13-09-2022 لە تاران لە لایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا، لە بنکەی پۆلیس تەندروستیی تێکچوو و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا.
خێزانەکەی دەڵێن، ژینا لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە سزادراوە، بۆیە گیانی لە دەستداوە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی ئەمە رەتدەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن.