پەرلەمانتارێك: لەم مانگەدا دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجام دەدرێت

ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، لەم مانگەدا دانیشتنی دەنگدان لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ئەنجام دەدرێت، پێشی وایە كە بەبێ‌ رەوتی سەدر ناتوانرێت حكومەت پێكبهێنرێت.
مەحما خەلیل لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كردووە، ناكۆكی لە نێوان لایەنە سیاسیەكاندا هەیە و ئەوەش دیاردەیەكی تەندروستە لە پرۆسەی سیاسی دیموكراتیدا، كۆبونەوەكان بەردەوامن و لە ماوەی داهاتودا كۆبونەوەی تر لە نێوان لایەنە كوردیەكاندا بۆ دیاری كردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار ئەنجام دەدرێت.
رونیشیكردووەتەوە، هۆكاری ئەوەی تاوەكو ئێستا رێكەوتن لەسەر كاندیدی ئەو پۆستە نەكراوە، شایستە سیادیەكانە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە عیراق، لە چەند رۆژی داهاتوودا جوڵەی چڕ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە دەستپێدەكات.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكردووە، وەفدێكی چوارچێوەی هەماهەنگیش بۆ تەواوكردنی كۆتا ئامادەكاریەكانی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دێتە هەرێمی كوردستان، كاندیدی ئەو پۆستەش بەهۆی هەستیاری بارودۆخەكەوە ئاشكرا ناكرێت.
پێشی وایە، موقتەدا سەدر لە عیراق نەڕۆیشتووە و هاوبەشێكی سەرەكی پرۆسەی سیاسییە و فراكسیۆنەكان رێكن لەسەر ئەوەی كە سەردانی بكەن و گفتوگۆی لەگەڵدا بكەن بۆ دەرچوون لەم قەیرانانەی هەن، هەروەها بۆ رێكەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

پەیوەندیدار