هیوا سەید سەلیم
پەرلەمانی کوردستان کاتێک لە یەکەمین هەڵبژاردن لە ١٩/٥/١٩٩٢ دامەزرا، بۆ ئەو هەڵبژاردنە، پشت بە یاسایەک بەسترا کە لە لایەن بەرەی کوردستانی لە ٨/٤/١٩٩٢درەچوو بوو، لەو یاسایە هاتبوو کە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێت. دوای ئەو هەڵبژاردنە، یەکەمین کاری پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستان بریتی بوو لە دەرکردنی یاسای ژمارە (١) ، کە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناسرابوو، ئەو یاساییە تا ئێستا حەوت جار هەمواری بۆ کراوە، دوایین هەمواریش لە ساڵی ٢٠١٣ بە پێی یاسای ژمارە (١٥) ئەنجامدراوە.
شایانی باسە، لە ماددەی (٥١)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاتووە :
” ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لە یەکەم دانیشتنیەوە دەست پێدەکات و، لە دوا دانیشتنی ساڵی چوارەمدا کۆتایی دێت” بەڵام دەبینین کە لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان ئەو بڕگە یاسایە پێشێلدەکرێت، وە کار بەو ماوە زەمەنیە ناکرێت، بگرە بە هۆی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی خولی یەکەمی پەرلەمان بۆ ماوەی چەند جارێک درێژکرایەوە، تەنانەت دوایین جار تەمەنی خولی یەکەم لە مەیدانی ئاژەڵان درێژکرایەوە.
شایانی باسە، جگە لە درێژکردنەوەی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، چوار جاری دیکە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژکراوەتەوە، ئەگەر ئەو جارەش تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، دەبێتە پێنجەمین جار کە پەرلەمان لە وادەی خۆی هەڵبژاردنی بۆ ناکرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستان بۆتە نەریت کە هەمیشە تەمەنی ئەو پەرلەمانە بەدەر لە یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانی کوردستان درێژ دەکرێتەوە.
درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان لە لایەک شەرعیەتی خودی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتیەکان و دامەزراوەکانی دیکە دەخاتە ژێر پرسیارێکی جدی، جگە لەوەش درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بن پێخستنی ئیرادەی خەلکی کوردستان کە تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ دەنگی بەو پەرلەمانە داوە.
شایانی باسە، هەموو بیانوی حزبەکانی دەسەڵات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان بریتیە لەوەی گوایە نایانەوێت هەرێمی کوردستان بکەوێتە بۆشایی دەستووری، هەروەها پەرلەمان مەبەستیەتی لەو ماوەیە کار بکا بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەلبژاردن وهەڵبژاردنەوەی کۆمسیۆنێکی تازە.
جگە لەو دوو ئەرکەی کە پەرلەمان دەیەوێت پێیهەڵسێ، دەبیستین کە پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت لە ماوەی بەسەرچووی تەمەنی، لیژنەیەکی دەستووری دابمەزرێنێت، تا پرسی دەستوور یەکلایی بکاتەوە، پێنچ خولی پەرلەمان تێدەپەڕێت پڕۆژەی دەستوور لە رەفەکانی پەرلەمان تۆزی لێنیشتووە، کەچی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو دەیەوێت هەرێم بکاتە خاوەنی دەستوور.
بۆشایی دەستوری ئەگەر درووست بێت ئەوە خودی ئەو هێزانە لێی بەرپرسیارن کە رێگریان کرد لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، وەک چۆن ئەوان کۆسپ بوون لەبەردەم هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، دامەزراندنی کۆمسیۆنێک کە بە تەواوی ماناوە سەربەخۆ و بێلایەن بێت.
سەیرەکە لەوەدایە لە هەر سیستەمێکی سیاسی کاتێک رووبەڕووی قەیرانێکی حوکمڕانی دەبێتەوە، ئەوا ئەو وڵاتە پەنا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبا، عێراق بە نموونە، لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەی گرتووە، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، هەرگیز عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیی دوانەخستووە، بگرە چەند جارێکیش پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بردراوە.
درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک و چەند مانگێک، درێژەدانە بە دەسەڵاتێک کە لە پشتی چەندین قەیرانی جدی حوکمڕانی دابووە لە چەند سالی رابردوودا، بە تایبەت قەیرانی لێبڕین و دواخستنی مووچە.
لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان بەدەر لە یاسا و عورفی بەرکار پەنا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی دەبات، لەپاڵ ئەو کارەشی شەرعیەت دەدات بە درێژکردنەوەی تەمەنی کابینەیەکی وەزاری کە پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ متمانەی پێداوە.
دوا جار دەڵێین، درێژکردنەوەی ئەم جارەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێک دایە کە نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان “جنین پلاسخارت” ، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕەخنەی زۆری ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد، هۆشداریشی پێدان لە لێکەوتەی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام ئەمان نەک هەر گوێ بە رەخنەی پلاسخارت نادەن بگرە ساڵێکی دیکەیش لێدەخوڕن، دیاریش نیە کە دوای ئەم ساڵ و چەند مانگە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت یان نا؟