دوای شكستەكەیان چاڤی هێرناندز : لە یارییەكەی بەرامبەر ئینتەردا زڵمیان لێکرا

دواى شکستەکەى بەرامبەر ئینتەر میلان لە چامپیۆنز لیگدا، چاڤى هێرناندێزى ڕاهێنەرى بەرشەلۆنە توڕەبوونى خۆى بەرامبەر ناوبژیوانى یارییەکە دەربڕى و داواى ڕوونکردنەوەى لێدەکات.

چاڤى دەڵێت “من زۆر توڕەم، ئەمە زوڵم بوو لە ئێمە کرا، دەبێت ناوبژیوان قسە بکات و بڕیارەکانى خۆیمان بۆ ڕوونبکاتەوە، کە بۆ چى لێدانى سزاى بۆ هەژمارنەکردین، چونکە ئێمە لە هیچ شتێک تێنەگەشتین”.

چاڤى ئاماژەش بەوەدەکات، هەلى گۆڵکردنیان هەبووە، بەڵام نەیانقۆستووەتەوە و ئێستاش سێ یارى کۆتاییان لەبەرەدەمدایە و لە بارودۆخێکى ناڕەحەتدان و پێویستە بەشێوەیەکى باشتر کێبڕکێ بکەن.

لەلایەکى ترەوە سیمۆنى ئینزاگى ڕاهێنەرى ئینتەر میلان بەپێویستى دەزانێت بردنەوەکەیان بەرامبەر بەرشەلۆنە سەرەتاییەکى ڕاستەقینەبێت بۆ یانەکەى، دواى زنجیرەیەک ئەنجامى خراپ لە ماوەى ڕابردوودا.

ئینزاگى دەڵێت “ناڵێم بردنەوەکەمان پێشبینینەکراو بوو، دوێنێ وتم ئەمە هەلێکى مەزنە بەرامبەر یەکێک لە باشترین یانەکانى جیهان، بەشێویەکى شەڕانگێزانە و بە ئیرادەوە یاریمان کرد، لەبەرئەوەى ئەمە تاکە ڕێگەبوو بۆ سەرکەون بەسەر ڕکابەرەکەماندا، دەمێکە چاوەڕێمان دەکرد، هێشتاش هیچ شتێکمان بەدەستنەهێناوە و پێویستە ئەم شەوە خۆشە سەرەتایەک بێت بۆ شتێک”.

ئینزاگى لە بارەى داهاتووشیەوە دووپاتیکردەوە، کە لە کارەکەى بەردەوامە و هەندێک ساتیش ڕوودەدەن، بەڵام ئەو سەرى خۆى بە بەرزى ڕادەگرێت.

پەیوەندیدار