عێراق: لەگەڵ هەرێم هەوڵدەدەین سنوورێک بۆ بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ دابنێین

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی کاردەکەن بە مەبەستی دانانی سنوورێک بۆ بۆردومان و هێرشی وڵاتیانی دراوسێ کە بە شێوەیەکی بەردەوام دەیکەنە سەر خاکی عێراق.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێم رێککەوتون بۆ دەستپێکردنی کاری هاوبەش لەپێناو کۆتاییهێنان بە هێرش و بۆردومانەکانی ولاتانی دراوسێ و دەشڵێت، “هێشتا هەوڵەکانمان لەپێناو روبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کۆتایی پێنەهاتووە.”
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەیەک هەنگاوی بە ئاڕاستەی بۆردومانەكەی ئێران ناوە، لەوانەش دەرکردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایی توند و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر عێراق کردووە کە بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
دەشڵێت، “باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بانگهێشتکراوە و نامەیەکی توندی بە زمانێکی زبر پێدراوە.”
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەشکردووە، توانیویانە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمدا رێکبکەون بۆ ئەوەی کار بکەن بۆ دانانی سنورێک و رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی بۆردومان و هێرشەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەتا هێرشەکان لە رێگەی تۆپهاوێژەکانەوە بوو، دواتر بە موشەک و لەمدواییانەشدا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون و ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە.
سەحاف وتیشی، “بەردەوامی بۆردومانەکان کۆتایی بە تیرۆر و رووبەڕووبونەوەیان لە ناوچەکاندا ناهێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی تەنگژەی سیاسی و تێکدانی دۆخی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە.”

رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکان کۆدەبێتەوە

وا بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ، پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بە فەرمی داوای پاراستنی سەروەری و هەڵوێستی حکومەتی عێراق دەکەین.

شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانەوە دەڵێت: دەبێ حکومەتی عێراق بڵێت سەروەریی وڵاتمان پێ دەپارێزرێ یان نا، ئەگەر ناتوانێت دەبێ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەین “ناکرێ حکومەت ئاوا بێدەنگ دابنیشێت، تەنانەت هەندێک بەرپرسی عێراقی ناڕاستەوخۆ پشتگیریی ئەو بەزاندنی سەروەری و بۆردوومانانە دەکەن”.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، دەبێ وەزارەتەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، وەڵام بدەنەوە ئایا دەتوانێت بەرگریی بکات یان نایەوێ؟ ئەگەر دەیەوێ، دەتوانێ سوود لە رێککەوتنی ستراتیژیی واشتن و بەغدا وەربگرێت.

عێراق سیستمی بەرگریی نییە

دوای هێرشە درۆنییەکانی ئێران لەناو جەرگەی عێراق و هەرێمی کوردستان، باسی سیستمی بەرگریی بووە رۆژەڤ. سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، “عێراق سیستمی بەرگریی نییە، تەنیا سیستمێکی مامناوەندیی هەیە، ئەگەر سیستمەکەش هەبێ، کاتیۆشا نییە بۆ ئەوەی لە سیستمەکەدا بەکاری بێنین”.

لێکۆڵەرێکی ئەمریکی: پێویستە ئەمریکا سیستمی بەرگریی دژە مووشەک لە هەرێمی کوردستان ‏جێگیربکات

لێکۆڵەرێکی ئەمریکی باس لەوە دەکات، بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی ‏کوردستان پێویستە ئەمریکا هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان زیادبکات و سیستمی بەرگری ‏بداتە هەرێمی کوردستان‎.

د. مایکڵ نایتس، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رۆژی 29-09-2022 بە رووداوی راگەیاند: ئەو ‏دۆخەی ئێستا ئێران پێیدا تێدەپەڕێت سەختترین خۆپێشاندانە لە دوای ساڵی 1979وە و ئێران ‏بەو هێرشانە دەیەوێت سەرنج لەسەر دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکەی لاببات و بیباتە دەرەوەی ‏ئێران. هەروەها دەشڵێت: ئێران دەیەوێت بەو هەنگاوەی ئەو پەیامە بگەیێنێت ‏کە هەموو خۆپێشاندانی نێوخۆی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت‎.

مایکڵ نایتس ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە عێراق هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان ‏بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکاڵا تۆماربکات‎ و گوتیشی، “بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی ‏کوردستان پێویستە ئەمریکا هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان زیادبکات و سیستمی بەرگری ‏بداتە هەرێمی کوردستان”.

رۆژی 28-09-2022 کۆماری ئیسلامیی ئێران بنکە و بارەگای چەند حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سنووری شێراوە لە باشووری هەولێر نزیک ناحیەی پردێ، زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومانکرد، بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسی دیکە برینداربوون.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سوپای پاسداران تۆپی 155 ملیمەتری راجیمەی چلی، هاوەنی 120ملیمەتری، مووشەکی زیرەک و درۆنی مووشەکهەڵگر لە هێرشەکانیدا بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە باڵاکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە عێراق تەنیا سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی هەیە، کە ئەویش لەو شوێنانە هەن کە بنکە و بارەگای هاوپەیمانان و ئەمریکای لێیە، جگە لەوە هیچ سیستمێکی کارا لە عێراقدا نییە.

پەیوەندیدار