لەسەر رێگای ناحیەی پیرەمەگرون كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی ئاگریان تێبەردراوە و ئەمەش دووەمجارە لەم مانگەدا كە هەوڵی تێكدانی ئەو كامێرایانە دەدرێت.
لەو بارەیەوە لاوەند فەرەیدون پارێزەری كۆمپانیای “ئێرلی فیوچەر” كە خاوەنی كامێراكانە بە میدیای پارتی وتووە، كامێراكان لە پیرەمەگروون ئاگریان تێبەردراوە و جگە لە سوتاندن تەقە لە كامێرای دیكەش كراوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی دووشەمەی رابردوش، تەقە لە كامێراكانی تۆمار كردنی تیژڕەوی لە سەرە رێگای سلێمانی – دوكان كرا و زیانیان پێگەیشت، كۆمپانیای خاوەنی ئەو كامێرایانەش جەختی لەوە كردەوە كە سكاڵا تۆمار دەكەن.
دانان و پێدانی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی جۆری “پۆینت تو پۆینت” ناڕەزایی هاوڵاتیان و بەشێك لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیشی لێكەوتەوە و پێیان وایە، تەنها كێشانەوەی پارەیە و نابێت بدرێت بە كەرتی تایبەت.