پزیشکی دادی ئێران: مەرگی ژینا ئەمینی بەهۆی بەرکەوتنی زەبرەوە نەبووە

راپۆرتی پزیشکی دادی ئێران لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکرایەوە و دەڵێت: “بەهۆی لێدان لەسەری گیانی لەدەستنەداوە”، بەڵام لە خولەکە سەرەتاییەکانی تێکچوونی تەندروستیدا، هەوڵەکان بۆ بووژانەوەی دڵ و گەڕاندنەوەی هەناسە بۆی “ناکاریگەر بوون” و ئەوەش بەپێی راپۆرتەکە بووەتە هۆی ئەوەی ئۆکسجینی تەواوی پێنەگات و زیان بە مێشکی بگات.

پزیشکی دادی ئێران دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە. پزیشکی دادی ئێران دەڵێت، ژینا ئەمینی لە تەمەنی 8 ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی بۆ کراوە بۆ لابردنی گرێی کرەینیۆفەرینژیۆمە دوای نەشتەرگەرییەکە لە بەشی هایپۆسالامەس (بەشێکی مێشک) تووشی کێشە بووە و دەرمانەکانی هیدرۆکۆرتیزۆن، لووتیرۆکسین و دسموپرسینی بەکارهێناوە.

لە راپۆرتی پزیشکی دادی ئێراندا کە لە ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “لە 13/09/2022 کاتژمێر 7:56 خولەکی ئێوارە لەناکاو تووشی دابەزینی ئاستی هۆشیاری بووە و کەوتووەتە سەر زەوی. بەهۆی ئەو نەخۆشییەی هەیبووە، جەستەی توانای پێویستی بۆ قەرەبووکردنەوە و خۆڕێکخستن لەگەڵ ئەو دۆخە نەبووە، بۆیە تووشی کێشەی لێدانی دڵ و دابەزینی پەستانی خوێن بووە و ئاستی بێ ئاگایی دابەزیوە. بەهۆی ئەوەی لە خولەکە سەرەتاییە هەستیارەکاندا، هەوڵی ناکاریگەر دراوە بۆ بووژاندنەوەی دڵ و گەڕاندنەوەی هەناسەی، تووشی کەمی ئۆکسجین بووە و بەو هۆیەوە زیان بە مێشکی گەیشتووە.” 

راپۆرتەکە دەڵێت: “سەرەڕای ئەوەی دوای هەوڵی تیمەکانی فریاکەوتن، لێدانی دڵی گەڕاوەتەوە، ئەو پاڵپشتییەی بۆ هەناسەدانی دانراوە، کاریگەر نەبووە و سەرەڕای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و هەوڵی ستافی نەخۆشخانەی کەسرا، نەخۆشەکە بەهۆی ناتەواوی چەند ئەندامێک (M.O.F) کەم ئۆکسجینی مێشک لە رێککەوتی 16/09/2022 گیانی لەدەستداوە.”

پزیشکی دادی ئێران، هەروەها دەڵێت: “بەپێی بەڵگەنامە پزیشکییەکانی نەخۆشخانە، تاوتوێی سی تی سکانی مێشک و سییەکان، ئەنجامی پشکنینی رواڵەتی و توێکاریی تەرمەکەی و تاقیکردنەوەکانی تایبەت بە دەرخستنی زیانەکانی جەستە، مردنی ناوبراو بەهۆی لێدان لەسەر یان ئەندامە هەستیارەکانی دیکەی جەستەی نەبووە.”

ژینا ئەمینی-ی تەمەن 22 ساڵ دانیشتووی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 بە پاساوی پابەندنەبوون بە پۆشینی جلوبەرگ لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستگیرکرا. ژینا دوای ئەوەی لە زیندان تەندروستیی تێکچوو، گوازرایەوە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستدا.

پەیوەندیدار