باوکی ژینا راپۆرتەکەی پزیشکی دادی ئێران ڕەتدەكەینەوە

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی راپۆرتەکەی پزیشكی دادی ئێرانى رەتكردەوە لەبارەى هۆکارى گیان لەدەستدانى کچەکەى.

ئەمینی بە بەشی فارسی “دەنگی ئەمریکا”ی وت کە بە چاوەکانی شوێنەواری خوێنى لەسەر پشتی مل و گوێی کچەکەی بینیوە و لە زۆر بەش لە جەستەیدا کێشەی هەبووە، لەنێویاندا قاچەکانی.

پزیشکى دادى ئێران (7-10-2022) راپۆرتى خۆى لەبارەى هۆکارى گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى بڵاوکردەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ژینا ئەمینی لە رۆژی 13-09-2022 تووشی بوورانەوە بووە، سی تی سکانی مێشک و سییەکانى دەریدەخات کە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بەهۆی بەرکەوتنی زەبر بەر سەر و جەستەی نەبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ژینا لە هەشت ساڵیدا و دواى نەشتەرگەرییەک تووشى کێشە بووە لە کۆئەندامى دەمارى و لەکاتى دەستگیرکردنى جەستەى بەرگەى ئەو دۆخەى نەگرتووە و بەهۆیەوە گیانى لەدەستداوە.

پێشترساڵح نیکبەخت، پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) رایگەیاندبوو، بەپێی ڕای پزیشکە بەناوبانگ و تایبەتمەندەکان و ئەو کەسانەی کە ڕاوێژی پێکراوە، ژینا “بەدڵنیاییەوە” لێیدراوە و ئەوەش هۆکاری مردنی بووە.

نیکبەخت بە ڕۆژنامەی “اعتماد”ی ڕاگەیاندووە، “بە ڕای من و هەمیش پزیشکە بەناوبانگ و کەسانی شارەزا کە ڕاوێژیان پێکراوە، بەدڵنیاییەوە ژینا پێش ئەوەی بگاتە ناوەندی ڕێنمایی تایبەت بە پۆلیس ئەخلاق لێی دراوە، هەروەها ئەگەر زۆرە لەناو ناوەندەکەشدا لێی درابێت”.

نیکبەخت ئاماژەی بە بوونی “ئاسەواری خوێن لە پشت مل و خوارەوەی کەلـلەی سەری ژینا هەیە” و جەختیکردەوە کە “خوێنی ئەو شوێنانە لەلایەن دایک و باوک و کەسوکاری ژیناوە بینراوە.

ئەو پارێزەرە داوایەکی بنەماڵەی ژینای ئاشکراکرد بۆ ئامادەبوونی لیژنەیەکی تایبەتمەندی شارەزای نەشتەرگەری دەمار و دڵ بن تاوەکو هۆکاری سەرەکییەکەی ئاشکرا بکرێت.

رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو (16-9-2022) بڵاویکردەوە، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخى بێهۆشى، نیوەڕۆی هەینی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.

پەیوەندیدار