دوای بەرفراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییە ناوخۆیییەکانی ئێران و گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، تادێت ئاستی ناڕەزاییە نێودەوڵەتیەکان دژی لێپرسراوان و هیزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە فراوانتر دەبێت.
جەستن ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، دوای چەند هەفتەیەک لە فشارەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆسەر حکومەتی کەنەدا و داواکردنی زیادکردنی سوپای پاسداران بۆ لیستی تیرۆر، حکومەتی کەنەدا لەهەوڵی دەرکردنی بڕیارێکدایە تایبەت بە سوپای پاسداران و بڕیارەکەش قەدەغەی هاتنە ناوەوەی سەرجەم لێپرسراوانی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات بۆ ناو کەنەدا.
ترۆدۆ وتیشی، ئەم هەنگاوەی حکومەتی کەنەدا رێژەی ٥٠٪ی ئەندامانی سوپای پاسداران دەگرێتەوە و ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ١٠ هەزار کەس و لەداهاتووشدا سزاکان بەرفراوانتر دەکەین.
لەلایەی دیکەوە کریستیان فریلاند، جێگری سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، “سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراوەیەکی تیرۆریستییە.”
هاوکات، لە چەند رۆژی رابردوودا، حکومەتی کەنەدا بڕیاریدا سزا بەسەر چەند دامەزراوە و قەوارەیەکی ئێرانیدا بسەپێنێت، لەنێویشیاندا سوپای پاسدارانی ئێران و پۆلیسی پاراستنی ئەخلاقی لەخۆدەگرت.