فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەی رمێلان و “هێرشەکە شکستی هێناوە.”
بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشەکە بە مووشەکی 107 ملـلیم کراوە و هیچ زیانێکی بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان (کوژراو یان بریندار) نەبووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکە کاژێر 10:12 خوولەکی شەوی رابردوو بووە، جگە لەوەی زیانی گیانی نەبووە، هیچ زیانێکیش بە بنکە و جبەخانەکانیان نەگەیشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرماندەییەکە، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە.
هێرشەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە دوو مانگی رابردوودا
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 19ی ئەیلوولی 2022 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، “رۆژی 18ی ئەیلوول، نزیکەی کاتژمێر 7:05ی ئێوارە بە کاتی سووریا [هەمان کاتی هەولێر] هێرشێکی مووشەکی بۆسەر بنکەی گوندی سەوز لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا شکستیهێنا لەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانان یانیش کەرەستەی سەربازی بپێکێت.”
بنکەی گوندی سەوزی ئەمریکا دەکەوێتە نزیک کێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا. ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدەدایە و سوپای ئەمریکاشی تێدایە.
لەبارەی جۆری مووشەکەکانی هێرشەکەی 18ی ئەیلوول، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا گوتی، هێرشەکە بە سێ مووشەکی 107 میلـلیمی ئەنجامدراوە؛ باس لەوەش دەکات مووشەکی چوارەم بە دووریی 5 کیلۆمەتر لە شوێنی هاوێشتنیەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە دۆزراوەتەوە.
16ی ئەیلوولیش هەمان بنکەی هێزەکانی ئەمریکا کراوەتە ئامانج. پێشتریش هێرشی لەو جۆرە کراونەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا؛ رۆژی 24ی ئاب دوو بنکەی سوپای ئەمریکا کرانە ئامانج؛ لەو هێرشەدا کێڵگەی گازی کۆنیکۆ و گوندی سەوز لە سنووری دێرەزوور مووشەکباران کران و سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
لە وەڵامی ئەوەشدا رۆژی 25ی ئابی 2022 سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە لە باکووری رۆژئاوای سووریا بە هێلیکۆپتەری ئەپاچی، فڕۆکەی جەنگیی AC-130 و تۆپهاوێژی M777 هێرشیان کردە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران و لە ئەنجامدا 4 چەکدار کوژران و 7 مووشەکهاوێژیش تێکشکێندران.
ئەو کاتە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی دا لەوەی “هەر گرووپێک کە هێرش دەکاتە سەر سەربازانمان، پارێزبەندیی نابێت” و گوتی کە “هەموو رێکارێکی پێویست” بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییەکانیان دەگرنەبەر.




