لانە جەلال، مامۆستا و گۆرانیبێژی منداڵان لەسەر رێگەی هەولێر – شەقڵاوە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، برایەکی دەڵێت: “ئۆتۆمبێلەکەیان حەوت تەقلەی لێداوە”.
رووداوەکە رۆژی شەممە 09-10-2022 لەسەر رێگەی شەقڵاوە- هەولێر و نزیک سێڕێیانی پیرمام، شەقڵاوە و هەولێر روویداوە. بڕیار جەلال، گوتی: “دوێنێ هەموو خوشک و براکانمان لە شەقڵاوە کۆببووینەوە؛ ئێوارە من زووتر گەڕامەوە و دواتر هاوژینەکەی لانە بە شوێنی لانەدا چووبوو لەکاتی گەڕانەوەدا ئۆتۆمبێلەکەیان کە لاندکرۆزەر بووە وەرگەڕاوە و حەوت تەقلەی لێداوە”.
بەگوتەی بڕیار جەلال، لە رووداوەکەدا لانە جەلال گیانی لەدەستداوە، هاوژینەکەشی بریندار بووە، سەرنشینەکانی دیکە سەلامەتن.
لانە جەلال بە چەند گۆرانییەکی منداڵان لە تەمەنی منداڵیدا ناسراو بوو، بەتایبەت گۆرانی “مام عەوڵا مەڕۆ هاتم، شەیدانی نوقڵ و نەباتم”، بەهۆی ئەوەوە هەواڵی مردنەکەی کاردانەوە و نیگەرانی هەزاران هاونیشتمانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.
لانە جەلال ساڵانێکە هیچ گۆرانییەکی تۆمار نەکردووە، بڕیاری برای لەبارەی هۆکاری دوورکەوتنەوەی خوشکەکەی لە گۆرانیگوتن دەڵێت: “ساڵی 2004 برایەکم بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، لەدوای ئەو رووداوەوە لانە لە گۆرانیگوتن دوورکەوتەوە و هیچ گۆرانییەکی نەگوت”.
لانە جەلال لە دوای ساڵی 1996ـەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کۆیەوە روویان لە هەولێر کردووە و نیشتەجێبوون؛ لانە مامۆستا بووە لەسەر میلاکی پەرەوەردەی دەوروبەری هەولێر و لە کۆمەڵگەی باجگر لە شاری هەولێر دەژیا و دایکی کوڕ و کچێکە.
هەر دوێنێ شەممە، رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی نێوان بەدریک – شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک روویدا و بەهۆیەوە هەشت ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.