لە بەشێكی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەستپێکی چوارەمین هەفتەیدا ژمارەیەکی زیاتری شارەکانی گرتەوە و لە شاری سنە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و بازاڕی هەندێک شاریش داخران. پارێزگاری تاران دەڵێت، حکومەت توانای کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی نییە.

شەوی رابردوو لە 22یەمین شەوی ناڕەزایەتییەکاندا لە شارەکانی سنە، جوانڕۆ، سەقز، بۆکان، مهاباد، کامێران، تاران، کەرەج، شیراز، مەشهەد، ئەراک، ئیسفەهان، کرمان، یەزد و چەندین شاری دیکە، خەڵک چوونە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە رۆژانی کۆتایی هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی حکومەت هیواداربوون ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان بێت، بەڵام رۆژی شەممە 08.10.2022 ناڕەزایەتییەکان دەستیان پێکردەوە.

ناوەندی ناڕەزایەتییەکانی رۆژی شەممە شاری سنە بوو و، دوو خۆپێشاندەریش گیانیان لەدەستدا. یەکێک لەوان ناوی پەیمان مینبەری بوو کە تەمەنی 29 ساڵ و خەڵکی گوندی نییەر بوو. پەیمان لە گەڕەکی قەتارچیان لە شاری سنە کوژرا.

هەر رۆژی شەممە خۆپێشاندەرێکی دیکە بە ناوی سیاوەش عەلیزادە لەنێو ئۆتۆمبیلەکەی خۆی بە گوللـە لە سنە گیانی لەدەستدا.هەمان رۆژ لە ژمارەیەک گەڕەکی تاران ناڕەزایەتی بەردەوام بوو و، خۆپێشاندەران درووشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران گوتەوە.

موحسین مەنسووری، پاریزگاری تاران رۆژی شەممە گوتی، دۆخەکە باش نییە و ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان چەندین رۆژە نەچوونەتەوە ماڵەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، لە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەریی ئێراندا 185 خۆپێشاندەر کوژراون کە 19 کەسیان منداڵن؛ 28 کەسیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

پەیوەندیدار