قایمقامیەتی سلێمانی لەبارەی فرۆشتنی جگەرە، نێرگەلە، ماددە زیانبەخشەکان و جگەرەی ئەلیکترۆنی بە مێرمنداڵ هۆشداری دەداتە فرۆشگە و مارکێتەکان. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتیش دەڵێت: “فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤایب) لە نێو قوتابخانەکان بە تایبەتی قوتابخانەی کچان زۆر بووە، بڕیارە سبەی سەردانی ئەو مارکێتانە بکەین کە نزیکی ناوەندی و دواناوەندییەکانن.”
رۆژی شەممە 8-10-2022، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ مارکێت و فرۆشگەکان بۆ ئەوەی دواجار ئاگاداریان بکەنەوە کە لەکاتی فرۆشتنی جگەرە، نێرگەلە، جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤایپ) و ماددە وزەبەخشەکان بە کەسانی خوار 18 ساڵ، رێکاری تووندی یاساییان بەرامبەر دەگرنەبەر و سزای تووند دەدرێن.
رێکان جەمال گوتیشی: “لەسەر هەڵمەتەکە لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و بە تایبەتی لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە کچەکان دەستخۆشییەکی زۆرمان بۆ هاتووە، چونکە تائێستا لە کۆمەڵگەی ئێمە وەک عەیبە بووە کچ بڕواتە مارکێتێک بڵێت پاکەتێک جگەرەم بدەرێ، بەڵام جگەرەی ئەلیکترۆنی زۆر ئاسایی بووەتەوە، یەکێکە لەو گرفتانەی کە ئێستا ناوەندی و دواناوەندییەکان پێوە دەناڵێنن، بۆیە بەردەوام دەبین لە هەڵمەتەکەمان و بەتووندی رووبەڕوویان دەبینەوە.”
بە گوتەی رێکان جەمال: “سبەی سەردانی ئەو مارکێتانە دەکەین کە نزیکی ناوەندی و دواناوەندییەکانن،” بەپێی یاسا و رێنوێنییە تەندروستییەکان بەکارهێنانی ئەو ماددانە زیانی تەندروستی هەیە، بەتایبەت بۆ کەسانی منداڵ و مێرمنداڵ، بۆیە فرۆشتنی بەو کەسانە قەدەخەیە.
ئەو هەڵمەتەی قایمقامیەتی سلێمانی دوای ئەوە دێت، رۆژی 5-10-2022، قایمقامیەتی سلێمانی مارکێتێکیان لە شەقامی 30 مەتری داخست کە لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە بۆیان دەرکەوتبوو جگەرەی ئەلیکترۆنی بە مێرمنداڵ فرۆشتووە، خاوەنی مارکێتەکەش درایە دادگە.
رێکان جەمال گوتیشی، بۆ هەندێک دووکاندار کە سەرپێچی دەکەن، سەرەتا تەنیا ئاگادار دەکرێنەوە و دواتر لە کاتی دووبارەکردنەوەی، سزا دەدرێن و لە هەنگاوی سێیەم دەدرێنە دادگە، “بەڵام بۆ ئەم جۆرە کارانە چونکە مافی گشتییە، خاوەنی شوێنەکە راستەوخۆ دەدرێتە دادگە، خاوەنی ئەو مارکێتەش دراوەتە دادگە.”