ڕاگەیەندراوی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بووە بە نەریتێکی نەرێنی و هیچ خوولێکی پەرلەمانی نییە، کە ماوەی خوولەکەی درێژ نەکرابێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشێلکردنی مافێکی سیاسیی هاوڵاتیانە، لە ئاستی دەرەوەش زەرەری لە پرۆسەی دیموكراسی هەرێم دایە و جێی پرسیاری نێوەندە نێودەوڵەتییەکانە. پرسیاری سەرەکی لەو پرسەدا ئەوەیە بۆچی لایەنەکانی ئیئتیلافی دەسەڵاتدار لە هەرێم لەسەر هەمواری یاسایەک ڕێک ناکەون، کەچی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ڕێکدەکەون، کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە و متمانەی خەڵک بە هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی لاوازتر دەکات.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێیوایە هیچ پاساو و هۆکارێکی یاسایی گونجاو نییە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خوولەی پەرلەمان، هاوکات داوا دەکات:
یەکەم : هەرچی زووە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت و لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات.
دووەم : کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی دوور لە پشک پشکێنەی حزبی، لەسەر بنەمای پیشەیی و بێلایەنی هەڵبژێردرێتەوە.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
9ی تشرینی یەکەمی 2022
A:bestun latef