ھەر بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، “مستەفا کازمی” سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق داوای لە ھەموو لایەن و ھێزە سیاسییەکان کرد پەنا بۆ دیالۆگی عەقلانی و ھێمن و بنیاتنەر ببەن.
“کازمی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵی رابردوو ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێوەیەکی دادگەرانە و پیشەییانە بەڕێوەچوو بە شایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەموو چاودێرانی پڕۆسەکە.
بە وتەی “کازمی”، دوای ساڵێک ئەو ئەزموونە سەلماندی پەنابردن بۆ سندوقەکانی دەنگدان، پێویستە ھاوتا بێت لەگەڵ باوەڕی ھێزە سیاسییە بەشدارەکان و پراکتیزەکردنی کردەی سیاسی بە گوێرەی چوارچێوە کلتورییەکان و دیموکراسییەت.
وتیشی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرباری ھێرشە بێ ویژدانەکان، بە ھێمن و عەقڵانییەت لەسەر رێچکەیەکی جیاواز کاریانکردووە کە پەنا بۆ دیالۆگ و ھاوکاری ھاوبەش ببەن لەگەڵ سەرجەم ھێزە سیاسییە جیاوازەکان لەپێناو بەرقەراری و ھێمنی.
“کازمی” جارێکی تر داوای لە ھەموو لایەن و ھێزە سیاسییەکان کرد پەنا بۆ لۆژیکی دیالۆگی عەقڵانی و ھێمن و بنیاتنەر ببەن، لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و بەرەوپێشبردنی چارەسەری ھەمەلایەنەی نیشتمانی، کە دیموکراسییە ساواکەیان بەھێزبکات و پاڵپشتی پایەکانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق بکات.