نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەندراوێکی بلاوکردەوە و و ھۆشداری دەدات بە لایەنە سیاسییەکان لەوەی عێراق کاتێکی کەمی لەبەردەستدا ماوە و مەترسی لەسەر بژێوی خەڵک ھەیە و داوش دەکات پێش کۆتایی ساڵ بودجەی ٢٠٢٣ پەسەند بکرێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان:
ساڵێک دوای ھەڵبژاردنە بەزەحمەت دەستکەوتووەکە: ئێستا کاتی کردارە
بەغدا، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢- ساڵێک لەمەوبەر، عێراقییەکان بە ئومێدی ھێڵکاری داھاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ھەڵبژاردنێکی بە زەحمەت بوو، بەھۆی فشارە گشتیەکانی خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتەوە ھاتە ئاراوە کە تێیدا سەدان گەنجی عێراقی گیانیان لەدەستدا و ھەزاران کەسیش برینداربوون. بەداخەوە ئەم ھەنگاوە دیموکراسییە سیاسەتی دابەشکەری بەدوای خۆیدا ھێنا و بێھیوایییەکی تاڵی گشتی بەدوای خۆیدا ھێنا.
ئەمڕۆ عێراق کاتێکی کەمی لەبەردەستدا ماوە. قەیرانی درێژخایەن ناسەقامگیری زیاتر دێنێتە کایەوە و ڕووداوەکانی ئەم دواییەش بەڵگەی ئەوەن. جگە لەوەش مەترسی لەسەر بژێوی خەڵک دروست دەکات. پەسەندکردنی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێش کۆتایی ساڵ زۆر گرنگە.
لە چەند ھەفتە و مانگی ڕابردوودا ھەوڵی بێوچان درا بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان دەست بکەن بە ھەنگاونان بەرەو سەقامگیری سیاسی، بەڵام بێ ئەنجام بوو. ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە چینی سیاسی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و وشە لەگەڵ کرداردا بگونجێنێت.
پێویستە ھەموو لایەنەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە بەشداری لە دیالۆگدا بکەن. لەڕێگەی سازانەوە دەبێت بەکۆمەڵ لەسەر دەرەنجامە سەرەکییەکان ڕێکبکەون بۆ دووپاتکردنەوەی وتەکانیان، کە خزمەتکردنی پێداویستییەکانی گەلی عێراقە و دامەزراندنی حکومەتێکی تەواو بەھێز و کاریگەرە. ئێستا کاتی کردارە.