جەیک سولیڤان: پاڵپشتی خۆپێشاندەرانی ئێران دەكەین

راوێژکاری ئاسایشی نیشمانیی ئەمریکا جارێکی دیکە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران دووپاتکردەوە و رایگەیاند؛ ئەوانەی خۆپێشاندان دەکەن ئێرانین و ئەوانەش بە بەرپرسیار دادەنێن، کە تووندوتیژیان لە دژی خۆپێشاندەران بەکارهێناوە.

رۆژی دووشەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2022، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشمانیی کۆشکی سپی، لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە، پاڵپشتیی واشنتنی بۆ خۆپێشاندەران دووپاتکردەوە و نووسیوویەتی “جیهان چاودێری رووداوەکانی ئێران دەکات. لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، خۆپێشاندەرانی بێ تاوان کە لەنێویان کچێکی گەنج هەبوو، بە تەقە کوژرا و سەرۆکی ئێرانیش خۆپێشاندەرانی بە “مێشوولە” بەراورد کرد”.

لە درێژەی تویتەکەیەدا، راوێژکاری ئاسایشی نیشمانیی ئەمریکا، دەڵێت “خۆپێشاندەران ئێرانین و لەلایەن ژنان و کچان سەرکردایەتی دەکرێن و داوای مافە سەرەتایی و شکۆکانیان دەکەن. ئێمە پاڵپشتیان دەکەین، ئەوانەش بە بەرپرسیار دەزانین کە تووندوتیژییان بەکارهێناوە لە هەوڵێکی بێهۆدەدا، بۆ کپکردنی دەنگەکانیان.”

نزیکەی چوار هەفتەیە، خۆپێشاندانەکانی ئێران بەردەوامن و بەهۆی مامەڵەی تووندی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران، لانیکەم 185 خۆپێشاندەر کوژراون کە لەنێویان 19 منداڵ هەن و لەبەرامبەر ئەو تووندوتیژییەش، چەندین وڵات سزایان بەسەر دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران و پۆلیسی رەوشتی ئێرانیدا سەپاندووە.

رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2022، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر حەوت بەرپرسی باڵای ئێرانیدا سەپاند کە رۆڵیان هەبووە لە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێراندا.

بێجگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تائێستا هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا، بەریتانیا و ئەڵمانیا سزایان بەسەر دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێراندا سەپاندووە و پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاش داوای لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەکە کردووە لە بەرامبەر تووندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵوێستیان هەبێت و سزا بەسەر دامەزراوە و کاربەدەستانی تاراندا بسەپێنن.

پەیوەندیدار