ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەستیپێکرد و زەنگی دەستپێکردنی خوێندنی کوردیش ئەمساڵ لە کەرکوک لێدرا.
بەپێی ئامارەکان، ١٢ ملیۆن خوێندکار دەست بە ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەکەن، ھەروەھا ٥٠٠ ھەزار خوێندکار لە پەروەردەی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و سریانی لە باخچەی ساوایان تا پۆلی ١ بەشداری پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە کەرکوک دەکەن.
بۆ ئەمساڵ پەروەردەی گشتی کەرکوک ٤٣ ھەزار خوێندکاری نوێی وەرگرتووە و ٩٠ ھەزار خوێندکاریش لە پەروەردەی کوردی بەشداری خوێندن دەکەن.
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق لەکاتێکدایە کە نیوەی خوێندنگەکانی وڵاتەکە زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە و زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ خوێندنگەش بۆ خوێندن گونجاونین.
عەلی خەلەف دلێمی وەزیری پەروەردەی عێراقیش رایگەیاندووە، پێویستیان بە نزیکەی ھەشت بۆ نۆ ھەزار خوێندنگەی نوێ ھەیە بۆ ئەوەی رزگاریان بێت لە دوو دەوامی.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی یونسێفیش، عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانی رابردوودا تەنھا ٦% بودجەکەی بۆ کەرتی پەروەردە تەرخانکردووە، کە ئەو بڕەش کەمترینە لە نێو وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا کە بۆ ئەو کەرتە تەرخانبکرێت.