ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی : هەریەک لەچین‌و ئێران‌و میسرو سعودییە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانیان جێبەجێکردوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی لەسێدارەدان کە دەکاتە ڕۆژی 10ی ئۆکتۆبەر، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو تێیدا ناوی ئەو وڵاتانەی بڵاوکرده‌وه‌ کە ساڵی ڕابردوو زۆرترین ژمارەی حاڵەتەکانی لەسێدارەدانیان لەوڵاتەکانیاندا جێبەجێکردوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، تاکۆتایی ساڵی 2021 بەتێکڕایی 108 وڵات سزای لەسێدارەدانیان لەیاساکانیان هەڵوەشاندۆتەوە، بەگشتیی، زیاتر لەسێیەکی وڵاتانی جیهان سزای لەسێدارەدانیان لەیاساکانیاندا هەڵوەشاندۆتەوە یان بەکرداریی جێبەجێکردنیان ڕاگرتوە، لەکاتێکدا لەساڵی 1977 تەنها 17وڵات سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندبۆوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا 55 دەوڵەت لەجیهاندا سزای لەسێدارەدان جێبەجێدەکەن، چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤیش 579 حاڵەتی لەسێدارەدانیان لەساڵی 2021 تۆمارکردوە، کە بەراورد بەساڵی 2020 بەڕێژەی لەسەدا 20 زیادیکردوە، کە لەو ساڵەدا 434 حاڵەتی ئاشکرابوە.

باس لەوەشکراوە، هەریەک لەهەریەک لەچین‌و ئێران‌و میسرو سعودییە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانیان جێبەجێکردوە، بەشێوەیەک بەدەر لەچین کە ژمارەی لەسێدارەدانەکانی دیارنییە، سێ وڵاتەکەی تر لەسەدا 80ى سەرجەم حاڵەتەکانی لەسێدارەدانیان لەجیهاندا بەرکەوتوە.

هەروەک بەپێی ڕاپۆرتێكی چالاكوانانی مافی مرۆڤ، لەساڵی 2021 لەئێران زیاتر لە314 سزاى لەسێدارە جێبەجێکراون، لەمیسریش زیاتر لە 356 سزای لەسێدارەدان دەرچوەو زیاتر لە83 كەسیان سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، هەروەک لەسعودییەش 65 کەس لەسێدارەدراوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لەساڵی 2021داچەند وڵاتێکی تریش ژمارەیەکی زۆر لەسزای لەسێدارە جێبه‌جێكراوە، لەوانە سوریا 24 کەسی لەسێداره‌داوە، سۆماڵ 21 کەس، عێراق 17 کەس، یەمەن 14 کەس، ئەمریکا 11 کەس، هەروەک لەوساڵەدا وڵاتانی بەنگلادیش، بێلاڕوس، بۆتسوانا، ژاپۆن، عومان، باشوری سودان‌و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێکردوە.

پەیوەندیدار