ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبۆوەو بەپێی راگەیەنراوێك، چەند پرسێك تاوتوێكراون و لە بەشێكیدا هاتوە، بڕیاردراوە لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتەكانی (سامانە سروشتییەكان، پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی) پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچونی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە بارەی رەشنوسی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی كانزایی لەهەرێمی كوردستان خراونەتەڕوو بەئاڕاستەی دەوڵەمەندكردن و ئامادەكردنەوەی رەشنوسی پرۆژە یاساكە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
هەروەها هاتوە كە لە كۆبونەوەكەدا بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەدابەشكردنی نەوتی سپی كراوەو وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت رایگەیاندوە كە ئامادەكاریی كراوە لە 20ی ئەم مانگەوە سەرەتا نەوتی سپی لەناوچە شاخاوی و ساردەكانی هەرێم بەسەر هاوڵاتیان دابەش بكرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشو.
بەپێی راگەیەنراوەكە پێشنیاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان سەبارەت بە لێخۆشبون لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتوانی چەكی كیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەخشینانەی وەریانگرتوە پەسەند كراوەو وەزارەتی دارایی و ئابوری راسپێردراوە بەجێبەجێكردنی پێشنیارەكەو بە دەركردنی رێنمایی دارایی لەوبارەیەوە.