شەوی رابردوو خۆپیشاندانی فراوان لەچەند شارێكی رۆژھەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو

بۆ “پشتیوانی لە سنە” شەوی رابردوو لە دەیان شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو و خەڵک دژی دەسەڵاتی ئێران درووشمیان دا. لە ئەنجامی رووبەڕوونەوەی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا سێ خۆپێشاندەر لە کرماشان و سنە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی رابردوو لە شاری کرماشان دوو خۆپێشاندەر بە ناوەکانی عەزیز مورادی و سینا نادری؛ لە شاری سنەش خۆپێشاندەرێک بە ناوی ئارمین سەیادی بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 48 خۆپێشاندەریش بریندار بوون، کە تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شاری مهاباد ئەندامێکی هێزەکانی ئێران و لە شاری کرماشانیش 3 ئەندامی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراون و لە کرماشان لانیکەم 40 کەس لە هێزە سەربازییەکان بریندار بوون.

کوژراو و بریندارەکان لە گەڕەکی دەڕەدریژ بوون کە زۆرینەی ژمارەی دانیشتووانی یارسانن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان شەوی رابردوو پێڕەوانی سوننە مەزهەبیش پشتگیرییان کردوون.

بەرپرسان و راگەیاندنەکانی ئێران زانیارییان لەسەر کوژراو و بریندارەکان بڵاونەکردووەتەوە.

شەوی رابردوو لە 26ەم شەوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا خەڵک لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، بۆکان، بانە، مهاباد، مەریوان، دیواندەرە، سەقز، تاران، مەشهەد، کەرەج، ئیسفەهان، بەندەرعەباس، مەشهەد و چەندین شاری دیکەی ئێراندا هاتنەسەر شەقامەکان.

هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری سنە دەڵێت: تەنیا باتوم نەبوو، بەڵکو هێزە ئەمنی و سەربازییەکان شاتگان، کڵاشینکۆف، MP5 و سیمینۆفیان پێبوو و لە هەموو شەقامەکانی شاردا بە زرێپێپۆش دەسووڕانەوە. ئەو دەڵێت: هێزەکانی ئێران “بۆ کوشتار هاتبوون نەک سەرکوتکردن.”

سادق حوسێنی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگای سنە، رەتیکردووەتەوە تانکیان بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران هێنابێتە شاری سنە.

بەپێی وێنەیەک کەوا رۆژی 11-10-2022 بڵاوبووەتەوە، لە حەوشەی رێکخراوی دەنگ و رەنگی ئێراندا تانک و زرێپۆش راگیرابوو.

ناڕەزایەتییەکانی رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 دوای بانگەوازێک بۆ پشتیوانی لە شارەکانی سنە و زاهیدان بەڕێوەچوو.

لە شاری سنە 26 رۆژە ناڕەزایەتی بەردەوامە و تائێستا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

لە شاری زاهیدان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانیش نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستداوە.

حکومەتی ئێران لەم دوایین رۆژانەدا هێزێکی زۆری بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هێناوەتە شاری سنە.

پەیوەندیدار