ئەمڕۆ كلاسیكۆیە

مەدریدییەکان بنزیمایەکی راستەقینەیان دەوێت

بەسەرەتایەکی باش و دەستپێکی وەرزێکی بێدۆڕان تاوەکو ئێستا و ویستی رکابەریکردن لەسەر نازناو و پێشەنگی ریزبەندی لالیگاوە، ریال مەدرید روو لە یاری کلاسیکۆ دەکات.

ریال مەدرید ئەمساڵی بە سەرەتایەکی باش دەستپێکردووە، تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە هیچ پاڵەوانێتییەکدا دووچاری شکست نەبووە، ویستی گەورەی ئەوەیە لە کلاسیکۆشدا بەبێ دۆڕان بێتە دەرەوە و پارێزگاری لەو تۆمارە بکات کە وایکردووە تیپەکە لەگەڵ بارسێلۆنادا لە پێشەنگی لالیگا بێت.

ریال مەدرید لە وەرزێکی ناوازەی پڕ لە گۆڕانکاری دراماتیکی و مانگێک بەرلەوەی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی بۆ مۆندیال لەدەست بدات و بچێتە پشوویەکی ناچارییەوە، دەیەوێت لە کلاسیکۆدا ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت، کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە ریال مەدرید لە یارییەکەدا ناوەناوە، خەیاڵی شکستە گەورەکەی وەرزی رابردوو لە کلاسیکۆدا، ختووکەی هەستەکانی دەدات.

گەرچی یاریگە و پاڵپشتیی هاندەران و ئەنجامە باشەکان و ورەی بەرز، لە بەرژەوەندی ریال مەدرید بن لە یارییەکەدا، بەڵام هەندێک خاڵی جێگەی سەرنج، پرسیار لەسەر توانای ریال مەدرید بۆ بردنەوەی یارییەکە دروستدەکەن. ئەو پرسیارانە بە پلەی یەکەم پەیوەست دەبن بە کەریم بنزیماوە کە پێشبینیدەکرێت شەوی دوای کلاسیکۆ، بۆ یەکەمجار لە ژیانی خۆیدا، نازناوی باڵۆندۆر بباتەوە.

بنزیما وەرزی ئەمساڵی بەباشی دەستپێنەکرد و ئەو پێکانەی چەند هەفتەیەک لە یاریکردن دووریخستەوە، هەستی گۆڵکردنی لەو هێرشبەرەدا ونکردووە و دەکرێ کلاسیکۆ ئەو وێستگەیە بێت کە تێیدا کەریم لەگەڵ سەردانی گۆڵ ئاشتدەکاتەوە.

بنزیما بەدەر لە پێکانەکەش، ئاستی وەک ساڵی رابردوو دەرناکەوێت و ماوەی 390 خولەکی رێکە یاریکردووە بەبێئەوەی گۆڵ تۆمار بکات، ئەمەش وایکردووە کاریگەریی هێڵی پێشەوە ریال مەدرید کە بنزیما تاکە هێرشبەری سەرەڕمە تێیدا، کەم ببێتەوە و بۆ کلاسیکۆش ترس لە توانای گۆڵکردنی تیپەکە بێتە ئاراوە.

ریال مەدرید کێشەی یارینەکردنی تیبۆ کۆرتوای دەبێت لە یارییەکەدا. ئەو گۆڵپارێزە لە چەندین یاری و رووبەڕووبوونەوەی گەورەدا تیپەکەی لە شکست پاراستووە و لە هەڵوێستە قورسەکان رزگاری کردووە و تەنانەت کۆرتوا ئەو یاریزانە بوو کە زۆر بە ئاسانی رۆڵی پاڵەوانی بینی لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو لەلایەن ریال مەدریدەوە.

هەموو بیانووەکان و هەموو خاڵە لاوازەکان و هەموو پێشبینییەک، دەبێ بۆ ریال مەدرید لەگەڵ دەستپێکی کلاسیکۆدا کۆتایی بێت، ریال مەدرید پێویستی بەوەیە ئەو ئاستە باشەی تاوەکو ئێستا پێشانی داوە، لە کلاسیکۆشدا درێژە بکێشێت و جارێکی دیکە بەجیاوازی خاڵ، پێشەنگی لالیگا لە بارسا وەربگرێتەوە، ئەگەر ئەوە روونەدات، تیپەکە تا ماوەی نزیکی داهاتوو، گومان لە تواناکانی خۆی دەکات لە رکابەرییەکانی وەرزێکی درێژ و تاقەتپڕوکێندا.

بارسێلۆنا دەیەوێت رقی چامپیۆنزلیگ بە ریال مەدرید بڕێژێت

بە بەرگرییەکی پۆڵاین و حەوت کلین شیت و دەستگرتن بە پێشەنگی لالیگا و ویستێکی گەورە بۆ بەتاڵکردنەوەی هەستە نێگەتیڤەکان لە ئەنجامی بێئومێدبوون لە چامپیۆنزلیگ.. بارسێلۆنا روو لە یاری کلاسیکۆ دەکات و چاڤی هێرناندێز و یاریزانەکانی، دەیانەوێت پەرچەکرداری تووند بەرامبەر دۆخی خۆیان پێشان بدەن.

بارسێلۆنا کە وەرزێکی راگوزەر و پڕ لە ئاڵنگاری گەورەی هەیە و داهاتووی خۆی لەپێناو ئەمڕۆدا فرۆشتووە و لە تەنگژەی دارایی قووڵ و ئەنجامی خراپ هاتووەتە دەرەوە و دەیەوێت وەک گەورەیەکی ئەوروپا خۆی پێشان بداتەوە، لە چامپیۆنزلیگدا دووچاری تاسەی زۆر بووە و هەموو ئومێدەکانی لە چامپیۆنزلیگدا بەندن بە رکابەرەکانییەوە، هەر بۆیە لالیگا، ئەو پاڵەوانێتییە دەبێت کە بارسا سەرسەختانە لە پێناویدا دەجەنگێت.

لە لالیگادا بارسا باشترین ئاست پێشاندەدات، پێچەوانەی هەموو ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا دەبینرێت.. ئەگەر لە چامپیۆنزلیگدا، ئینتەرمیلان لە تەنیا یەک یاریدا سێ گۆڵی لە بارسا کردبێت، لە لالیگادا لە هەشت یاری و بە گەورە و بچووکی خولەکەوە تەنیا یەک گۆڵیان لە بارسا کردووە. کەواتە بارسا دەتوانێت خۆی وەک رکابەری سەرسەخت و تەنانەت خەون بین بەبردنەوەی نازناوی لالیگاوە ببینێت.

بۆ تەختکردنی رێگەی نازناوەکەی لالیگا و بەئاسانترین شێوە گەیشتن بەو جامەی بارسا چەند ساڵێکە لێی دوورە و بۆ بەدەستهێنانیشی وەرزێکی درێژ چاوەڕێی تیپەکە دەکات، ئەنجامی کلاسیکۆ و بردنەوەی یارییەکە لە ریال مەدریدی رکابەری، پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ کەتەلۆنییەکان بۆئەوەی خۆیان لەپێناو ئەو نازناوەدا یەکلابکەنەوە.

کوشتنی دوو چۆلەکە بەبەردێک، ئەو ئامانجە دەبێت کە بارسێلۆنا بە بردنەوەی کلاسیکۆ بەدەستی دەهێنێت، چونکە جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریالدا بۆ سێ خاڵ بەرز دەکاتەوە و یەکسانبوون لە خاڵ لەگەڵیدا ناهێڵێت و ورەیەکی بەرزیش بۆ هەفتەکانی داهاتووی خولەکە لەپێناو درێژەدان بەئەنجامی باشدا بەدەست دەهێنێت.

ئەوەی سەرئێشە و خاڵی لاوازە بۆ بارسێلۆنا، خراپیی و ئاستی نزمی هێڵی بەرگری تیپەکەیە کە لە چامپیۆنزلیگدا یاریزانەکانی ئینتەرمیلان لاوازییە گەورەکەییان پێشانی هەموو دونیادا و توانییان بیسەلمێنن، ئەو تیپەی لە لالیگادا لە کلین شیتێکەوە دەچێتە سەر کلین شیتێکی دیکە، خاڵی لاوازی زۆر لەوە زیاترە کە بیری لێدەکرێتەوە.

ئەگەری بەشداریکردنی ژوول کوندێ لە کلاسیکۆدا، کەمێک لە کەموکورتییەکانی بەرگری بارسا لە یارییەکەدا دادەپۆشێت، بەڵام کوندێ کە لە پێکان گەڕاوەتەوە، دەتوانێ بەر بە هێرشەکانی ریال مەدرید هەڵبگرێت؟ لە کاتێکدا هاوڕێکانی لە بەرگریدا هەڵەی گەورە دەکەن؟ ئەمە ئەو پرسیارە دەبێت کە کلاسیکۆ وەڵامی دەداتەوە.

بارسێلۆنا بۆ پەرچەکردار، بۆ سووربوون لەسەر دژایەتییە مێژووییەکە بەرامبەر ریال و بۆ ورەوەبەرهێنانەوە و ساڕێژکردنی ئەو برینانەی لە دەرەوە لە جەستەی یانەکەدا دروست بوون بەهۆی چامپیۆنزلیگەوە، پێویستی زۆری بەبردنەوەی یارییەکە هەیە و چاڤیش هەمان داواکاریی لە یاریزانەکانی هەیە.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی نێوان بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید لە یاریەکەی ئەمڕۆدا

پێکهاتەی بەرشەلۆنە:

گۆڵپارێز: تیرشتیگن

بەرگریکار: کۆندی ، گارسیا، ئەلۆنسۆ، بالدی

ناوەڕاست: بۆسکێتس،پێدری، دی یۆنگ

هێرشبەر: دیمبیلی، لیڤاندۆڤسکی ،گاڤی

پێکهاتەی ڕیاڵ مەدرید:

گۆڵپارێز: لۆنین

بەرگریکار: ئالابا، میلیتاو، مێندی، کارڤاخال

ناوەڕاست: مۆدریچ ، کروس، چوامینی

هێرشبەر: ڤینیسیۆس، بنزیمە، ڤالڤێردی

خولی ئیسپانیا – هەفتەی 9
سێلتا ڤیگۆ × ریاڵ سۆسیداد 3:00
ریاڵ مەدرید × بەرشەلۆنە 5:15
ئیسپانیۆل × بەلەدوەلید 7:30
ریاڵ بیتیس × ئەلمیریا 10:00

پەیوەندیدار