وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات، بە زووترین کات زیندانییە ئەمریکییەکانی نێو گرتووخانەی ئێڤینی تاران ئازاد بکات، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لەو بەندیخانەیە کەوتەوە.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی نێو گرتووخانەی ئێڤینی تاران ئاشکرای کردووە، واشنتن بە وردی چاودێریی دۆخی گرتووخانەکە دەکات و راشیگەیاند، ئەوان لە هاوئاهەنگیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سویسرا، کە نێوەندگیریانە لە کاروباری نێوخۆی ئێراندا.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەوان تاران بە بەرپرسیار دەبینن لە پاراستنی ئەو زیندانییە ئەمریکییانەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرن و داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی کرد “بە زووترین کات ئازادیان بکەن.”
شەوی شەممە 15ی تشرینی یەکەمیی 2022، بەگوێرەی ڤیدیۆکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە نێو گرتووخانەکە، ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و هێزێکی زۆریش لە چواردەوری گرتووخانەی ئێڤین کۆکراونەتەوە و لە بەشێکی گرتووخانەکەش، دەنگی تەقە بیستراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی ئێران، بەهۆی ئەو ئاگرەوە بەشێکی کۆگای جلوبەرگی زیندانییەکان زیانی پێگەیشتووە، بەڵام کەس گیانی لەدەستنەداوە و تەنیا هەشت کەس بریندار بوون و دوای چەند کاژێرێکیش ئاگری گرتووخانەکە کۆنترۆڵ کراوە.
گرتووخانەی ئێڤین، یەکێکە لە بەنێوبانگترین گرتووخانەکانی ئێران و کەوتووەتە ناوچەی سەعادەتئابادی تاران، کە جێگەی 1500 زیندانیی تێدا دەبێتەوە و ژمارەیەک زیندانییەکانی نێو ئەو گرتووخانەیە، زیندانی سیاسین و هەندێکیشیان بیانین و ژمارەیەکیشیان چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤن. هەروەها بەشێکی ئەو گرتووخانەیە لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سەرپەرشتی ناکرێت، راستەوخۆ سەر بە ئیتڵاعات و سوپای پاسدارانە.
ئەو تەقینەوە و ئاگرەی نێو گرتووخانەی ئێڤینی تاران، لە کاتێکدایە کە نزیکەی مانگێکە، لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بەپێی قسەی باوکی دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە کوژراوە، شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی تەواوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تائێستا زیاتر لە 200 خۆپێشاندەر کوژراون و بە سەتانی دیکەیش بریندار بوون و بە هەزارانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.