وەزارەتی کارەبا: ھیچ بڕیارێک نییە کە کارەبای ئەو ماڵانە ببڕدرێت کە قەرزی کارەبا نادەنەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، ھیچ بڕیارێک نییە کە کارەبای ئەو ماڵانە ببڕدرێت کە قەرزی کارەبا نادەنەوە، دەشڵێت:”ھەندێ ڕێوشوێن دەگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا، ئەویش دانانی میکانیزمێکی تایبەت بە خۆمانە و جارێ ئاشکرای ناکەین”.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە میدیای فەرمیی پارتیی ڕاگەیاندووە:” وەزارەتی کارەبا زیاتر لە یەک ترلیۆن دیناری قەرزی کرێی کارەبای لای ھاووڵاتییان و فەرمانگەکانی میری و کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانییە، ئێمە داوای گەڕانەوەی قەرزەکانمان لە چەند کەرتێک کردووە، بەڵام ھێشتا بڕیارێکی وەھا نەدراوە لەسەر ناچارکردنی ھاووڵاتییان بۆ گێڕانەوەی قەرزی کرێی کارەبا.”

سەبارەت بە برینی کارەبای ئەو کەسانەی کە قەرزیان لای حکومەتە وتیشی:”ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرێنەوە گوایە ئەگەر ھاووڵاتی کرێی کارەبا نەگەڕێنێتەوە کارەبای لێ دەبڕدرێت، ڕاست نین، واتا لە بەرامبەر نەگەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا ئێمە کارەبای ھیچ ھاووڵاتییەک نابڕین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە:”وەزارەتی کارەبا پلانی خۆی ھەیە بۆ گێڕانەوەی قەرزەکانی کرێی کارەبا، دەمانەوێت ھەندێ ڕێوشوێنی دیکە بگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا، ئەویش دانانی میکانیزمێکی تایبەت بە خۆمانە و جارێ ئاشکرای ناکەین بە چ شێوازێک قەرزی کرێی کارەبا وەر دەگرینەوە لە ھاووڵاتییان و ھەموو ھاوبەشانی دیکەی کارەبا.”

پەیوەندیدار