ئێران: بونی گروپی دژ بە وڵاتەكەمان لە هەرێمی كوردستان قبوڵ ناكەین

بەرپرسانی ئێرانی هۆشداری دەدەن کە بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان “قبووڵ ناکەن.” سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، “ئۆپەراسیۆن دژی ئەو حیزبانە تاوەکو پێویست بێت بەردەوام دەبێت و حکومەتی هەرێم یان دەبێت چەکیان بکات یان دەریان بکات.”

محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران شەوی شەممە 15-10-2022 رایگەیاند، “بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین 3,000 چەکدار لەو دیوی سنوورەکانی ئێرانەوە کارگەی بەرهەمهێنانی بۆمبیان هەبێت و ئۆپەراسیۆن دژی ئەوان درێژە دەدەین، تەنانەت ئۆپەراسیۆنی گەورەتریش.”

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاشکرای دەکات، “بە بەرپرسانی هەرێممان گوتووە دوو رێگە هەن، یان ئەوەیە بکرێنە هێزێکی مەدەنی و چەک بکرێن، یان هەرێمی کوردستان … دەریان بکات.”

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، کە زمانحاڵی حکومەتی ئێرانە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، شەوی رابردوو لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا بابەتی، “بەرەنگاربوونەوە”ی لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ کردووە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پێداگریی کردووە لەسەر ئەوەی، “قبووڵی ناکەن” ئەو حیزبە چەکدارانە لە هەرێمی کوردستان بن و “دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران’ بجووڵێنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئیرنا، قاسم ئەعرەجی دڵنیایی داوەتە لایەنی ئێرانی، کە “حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەنگاری هەر هەوڵێک دەبنەوە کەوا ئاسایشی ئێران بخاتە مەترسییەوە.”

سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی 28-09-2022 بنکە و بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵە و پارتی ئازادیی کوردستان و کەمپێکی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە سنووری قەزای کۆیە بۆردوومان کرد، بەو هۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.

بەرپرسانی ئێران، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و خەڵک رێکدەخەن و هانی خەڵک دەدەن.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی 28-09-2022 رایگەیاند، درۆنێکی “ئێرانی”یان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو هەولێر دەهات و مەترسیی بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە دروستکردبوو.

محەممەد باقری هەڕەشەی لە ئەمریکاش کردووە و گوتوویەتی، “لە ئەمڕۆوە ئەگەر ئەمریکا هەوڵێک دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێمە بدات، بەرەنگاری دەبینەوە و وەڵامی دوایین هەوڵی ئەمریکاش دەدەینەوە.”

پەیوەندیدار