پۆلیسی سنووری یۆنان ئاشکرای دەکات، لەسەر سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەیان لەگەڵ تورکیا، 92 کۆچبەریان بە رووتی دۆزیونەتەوە کە هەندێک لەو کۆچبەرانە بریندار بوون.
پۆلیسی یۆنانی لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردووە، لە خاڵی سنوریی نێوان یۆنان و توركیا و لە نزیك روباری “ئێڤرۆس” 92 كۆچبەریان بە روتی دۆزیوەتەوە كە هیچ پارچە جلێكیان لەبەردا نەبووە و سەرجەمیان پیاون و بەپێی بەڵگەكان بە بەلەمی بچوك و بە گروپی جیاواز لە توركیاوە چوونەتە نێو دەریاكانی یۆنانەوە.
رونیشكراوەتەوە، تاوەكو ئێستا نازانن چی رویداوە و لێكۆڵینەوەیان بۆ زانینی هۆكاری ئەو روداوە دەست پێكردووە، هەندێك لە كۆچبەرەكانیش برینداربوونە.
حكومەتی یۆنان، توركیا بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتبار دەكات و حكومەتی ئەنقەرەش رەتیدەكاتەوە و دەڵێت، یۆنان خۆی زوڵم لە كۆچبەران دەكات و وای پیشان دەدات كە توركیا ئەو كارەی كردووە.