بەھۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کۆگای خوێندنگەیەکی سنووری ناحیەی تانجەڕۆی سلێمانی، چوار کەس برینداربوون، کە برینی کەسێکیان سەختە.
ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی رايگەیاند، لە خوێندنگەی بەردەکەڕی بنەڕەتی لە تانجەرۆ، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بە ھەڵە لە بری نەوتی سپی، بەنزینی بۆ ناردوون و بەھۆیەوە لە کۆگای خوێندنگەکە ئاگرکەوتووەتەوە.
وتیشی، مامۆستاکان نەیانزانیبوو بەنزینە و لەکاتی گواستنەوەی بەنزینەکە بۆ تەنکی خوێندنگەکە ئاگرکەوتووەتەوە و بەھۆیەوە یاریدەدەری بەڕێوەبەر و مامۆستایەک و خوێندکارێک و کارمەندێک کە لەگەڵ تەنکەرەکەدا بوو برینداربوون و برینی کارمەندی تەنکەرەکە سەختە.