لێدوانى ئەنچیلۆتى و چاڤى دواى کلاسیکۆ

ئەنچیلۆتى پێیوایە پێنج گۆڕانکاریەکەى لە کلاسیکۆدا یارمەتیداون و چاڤیش پێیوایە ئەو هەلانەیان نەقۆستووەتەوە کە ڕەخساندویانە.

دواى بردنەوەى کلاسیکۆ لە بەرشەلۆنە، کارلۆ ئەنچیلۆتى ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید ئاماژەى بەوەکرد، کلیلى یارییەکە هەموو شتێک بووە بەرامبەر تیپێکى وەک بەرشەلۆنە و تیپەکەى بە تۆپ و بەبێ تۆپیشەوە زۆر باشبووە.

ئەنچیلۆتى دەڵێت “متمانەمان بەخۆمان هەبوو، سەرەتاى یارییەکەش زۆر باش بوو، هەر زوو پێشکەوتین و کۆنتڕۆڵ کردنەکەشمان باشبوو، نەمان هێشت لیڤاندۆڤسکى بەتەواوى ئازادبێت و میلیتاو بەو کارە هەستا، پێنج گۆڕانکاریەکەش زۆر یارمەتیداین”.

هاوکات چاڤى هێرناندێزى ڕاهێنەرى بەرشەلۆنەش باسى لەوەکرد، بە دەست بەتاڵى لە کلاسیکۆ هاتوونەتە دەرەوە و نەیانتوانیوە ئەو هەلانە بقۆزنەوە، کە ڕەخساندویانە.

چاڤى دەڵێت “دینامیکیەکەمان کارى نەکرد و دەبێت لە یارى داهاتوو بەرامبەر ڤیاڕیاڵ گۆڕانکارى پێبکەین، هیچیش دڵخۆش نین بە دۆڕاندنەکەمان، پێشتر زۆر باش بووین لە لا لیگادا، بەڵام پێویستە بەهێزى خۆمان زیاتر بکەین”.

چاڤى پێیوانییە یارییەکەى بەرامبەر ئینتەر لە چامپیۆنز لیگ کاریگەرى لەسەر کلاسیکۆ هەبووبێت، بەڵکو ڕیاڵ مەدرید لە ڕووى پێگەیستن و تواناى کێبڕکێوە بەسەریاندا زاڵبووە، لە بارەى گۆڕانى ئاستى تیپکەشى دواى گۆڕانکاریەکان دەڵێت “من هەمیشە بەرپرسى یەکەمم و هەرگیز ئاماژە بە یاریزانەکان ناکەم، تۆپى پێش یارى هەڵەکانە و دەبێت کەمیان بکەینەوە، بەڵام نەمانکرد”.

پەیوەندیدار