وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم سەرپەرشتیی كۆبونەوەیەكی كرد بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی نەوتی سپی و بڕیارێكیشی بۆ ئیدارە سەربەخۆكان دەركرد.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڵاویكردۆتەوە، بە سەرپەرشتی كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت كۆبونەوەیەكی كردوە بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی نەوتی سپی كە بڕیارە لە رۆژی 20ی ئەم مانگەوە دەست پێ بكات.
راشگەیەنراوە، بۆ هەر خێزانێك بڕی 200 لیتری بەنرخی پاڵپشتیكراو نەوتی پێدەدرێت.
لە كۆبونەوەكەدا باس لەوەشكراوە، دابەشكردنی نەوت سەرەتا لە ناوچە شاخاویەكانەوە دەست پێ دەكات، پاشان دەوروبەرو سەنتەری شارەكان دەگرێتەوە، هەروەها بڕیاریش دراوە لەسەرجەم ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان بكرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە عەلی حەمەساڵح سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە نرخی ئەو بەرمیلە نەوتەی ئەمساڵ بە خەڵکی دەدات 102 هەزار و 500 دینار دەبێت، پارەکە بە “زۆر” ناودەبات و دەڵێت، “پاساوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەوەیە نرخی نەوت لە بازاڕ گرانە و ئەوانیش لە کۆمپانیا دەیکڕنەوە و بە نرخی هەرزانتر دەیدەنە هاووڵاتییان.” وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت، تەنیا رێژەی 35%ی نرخی نەوتەکە لە خەڵک وەردەگرێت.
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزه و سامانە سرووشتییهكان و پیشهسازی و بازرگانیی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی کە بڕیارە حکومەت بیداتە هاووڵاتییان، گوتی، “وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە یەک بەرمیل نەوت بە 102 هەزار و 500 دینار بداتە هاووڵاتییان، کە ئەمە نرخێکی زۆر گرانە، چونکە بەتایبەت لە گوندەکان خەڵک ئەو پارەیەی بە ئاسانی دەستناکەوێت.”
سەبارەت بە هۆکاری گرانیی نرخەکەشی، روونیکردەوە، “بەپێی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هۆکارەکەی ئەوەیە ئەوان لە کۆمپانیاکان نەوت دەکڕن و دواتر دەیدەنەوە هاووڵاتییان، ئەوان بە ئێمەیان گوت: هەر بەرمیلێک نەوت بە 284 دینار لە کۆمپانیاکان دەکڕنەوە، بەڵام بە 100 هەزار دینار دەیدەنەوە هاووڵاتییان و بڕی 2500 دیناریش کرێی گواستنەوە وەردەگیرێت. واتە بە قسەی سامانە سرووشتییەکان، هەر بەرمیلێک حکومەت 184 هەزار دینار خۆی دەیدات و بە نرخی پشتیوانی دەیداتەوە هاووڵاتییان.”
رۆژی 13-09-2022 کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەوە؛ دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکاتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا 320 هەزار خێزان لە دابەشکردنی نەوت سوودمەند دەبن.
بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەو پلانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەوانی داوە بەم شێوەیە:
1 – مانگی 10 نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشدەکرێت.
2 – مانگی 11 نەوت لە دەوروبەری شارەکان دابەشدەکرێت.
3 – مانگی 12 نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەشدەکرێت.