لەسەر دیارنەمانی بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ بەرژەوەندیی پێنج کۆمپانیا کە وەکو سپاردە دانراوە، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت “ئەو پارە دزراوانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان،” هەروەها چەند پێشنیازێکیش دەداتە لایەنەکان کە چۆن ئەو پارەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بەکاربهێنن.
رۆژی دووشەممە، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا لەبارەی “دزین”ـی 3.7 تریلیۆن دیناری عێراقی، کە دەکاتە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار تویتێکی کرد و تێیدا نووسیویەتی: “عێراق دەتوانێت چی بە پارە دزراوەکانی بکات کە چەندین ملیار دۆلارە؟ بۆ قوتابخانە، نەخۆشخانە، وزە، ئاو و رێگە و هی دیکەش.”
رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “ئەو کاتەی وەزیری دارایی بووە بەوەکالەت، لێکۆڵینەوەی لە دزرانی 3.7 ترلیۆن دیناری عێراقی (2.5 ملیار دۆلاری) پارەی باج کردووە لە بانکی رافیدەین و ئەنجامەکەی رادەستی لایەنە پەیوەندارەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە.”
پلاسخارت هەروەها داواکارییەک لە بەرپرسانی عێراق دەکات و دەڵێت: “ئەو پارانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان.”
ئەو روونکردنەوەی وەزیری نەوت پاش چەند کاژێرێک بوو لە دەرکردنی بڕیارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت لە ئیحسان عەبدولجەبار کە لەدوای دەستلەکارکێشانەوە عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی پێشوو، ئەو پۆستەی پێدرابوو.
دوو وەزیری عێراق لەسەر 2.5 ملیار دۆلارەکە دەچنە بەردەم دوو لیژنەی پەرلەمان
وەزیرانی نەوت و دارایی بەوەکالەت لەگەڵ سێ بەرپرسی دیکەی باڵای عێراق، لەماوەی دوو رۆژدا دەچنە بەردەم دوو لیژنەی پەرلەمانی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو 2.5 ملیار دۆلارەی دەستەی گشتیی باجی عێراق کە دەگوترێت “دزراوە”.
رۆژی چوارشەممە (19ی تشرینی یەکەمی 2022 ) هەریەک لە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت، هیام نیعمەت، وەزیری دارایی بە وەکالەت و سەرۆکی ئێستا و پێشووی دەستەی گشتیی باجی عێراق لە لیژنەی دەستپاکی میوانداری دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی وردەکاری دۆسیەی دیارنەمانی 2.5 ملیار دۆلاری دەستەی باجی گشتی لە بانکی رافیدەین.
بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2022، بەرپرسێکی دیکەی عێراق لەبارەی هەمان دۆسیەوە بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: شاکر زوبێدی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق بانگهێشتی لیژنەکەیان دەکرێت بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لە چوارچێوەی دۆسیەی بردنی 2.5 ملیار دۆلارەکەی لە بانکی رافیدەین.
د . نەرمین مەعروف گوتیشی، دەبووایە 17ی تشرینی یەکەم ئەو بەرپرسەی گومرگ ئامادەی لیژنەکەمان بێت، بەڵام دوای خست، تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو پرسیارانە چی دەبن کە لەبارەی دۆسیە بردنی ئەو پارانەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق دەکرێت.
دۆسیەکە رای گشتی لەعێراق لەسەر دروستبووە، داواکاریی بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەستیپێکردووە.
لەبارەی دیارنەمانی ئەو پارەیەش، فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق لە تویتێکدا رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر نووسیویەتی، “لە رۆژی 3ـی ئەیلوول لەبارەی دیارنەمانی بڕی 800 ملیار دینار لە هەژمارێکی حکومەت لە بانکی رافیدەین تویتمان کرد، وەزیری دارایی بە وەکالەت لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی پارە دزراوەکە 800 ملیۆن دۆلارە، ئەمڕۆ تویتی کردووە دەڵێت ئەو پارەیەی لێی دزراوە 2.5 ملیار دۆلارە، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن بڕە راستەقینەکە دەگاتە 5.3 ملیار دۆلار، دادگە و ئەنجوومەنی نوێنەران ئێوە چی دەکەن؟”