ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختیش، دەکەوێتەوە سەر شکست یان سەرکەوتنی ئەو حکومەتە.
عارف حەمامی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دوای پێکھێنانی حکومەت لەلایەن محەمەد شیاع سودانیەوە، پەیوەستە بە سەرکەوتن یان شکستی ئەو حکومەتە نوێیە.
راشیگەیاند، ئەگەر حکومەتی نوێ دوای ساڵێک لە پێکھێنانی سەرکەوتووبێت، ئەوا تاکو کۆتایی خولەکەی کە چوار ساڵە بەردەوامدەبێت و ھەڵبژاردنی پێشوەخت ناکرێت، بەڵام شکستی حکومەتەکەی سودانی، ھێزە سیاسییەکان پابەنددەکات بە بژاردەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەوەش دوای ساڵ و نیوێک لە پێکھێنانی حکومەت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ١٨ مانگ لە پێکھێنانی حکومەت، ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام دەدەن.